وەزارەتی پێشمەرگە: راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان جێگەی ناڕەزایی ئێمەیە
ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان رەت دەكاتەوە كە باسی پێشێلكارییەكان بەرامبەر منداڵان لەلایەن ھەموو ھێزەكان لە عێراق لەنێویاندا ھێزەكانی پێشمەرگە، دەكات.
ئەمیندارێتیی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە راپۆرتێكیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، رێكخراوی داعش، ھێزە ئەمنییەكانی عێراق و ھەرێمی كوردستان و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، وەكو ئەو لایەنانە دیاری كردووە كە لە تەمووزی ٢٠١٥ـەوە تاوەكو تەمووزی ٢٠١٩ پێشێلكارییان دژی منداڵان لە عێراق كردووە.
سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لاواز و بێسەروبەرە، نەدەبوو پێشمەرگە لەگەڵ داعش و ھەندێك رێكخراوی دیكە تێكەڵ بكرێت.
لە بەشێكی راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ھاتووە، ھێزەكانی پێشمەرگە منداڵێكیان چەكدار كردووە، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، پێشمەرگە لە سەردەمی شاخ و شۆڕشیشدا كەسێكی وەك پێشمەرگە وەرنەدەگرت كە ١٨ ساڵی تەواو نەكردبایە، ئێستاش ھیچ كەسێكی خوار ١٨ ساڵان لەنێو ھێزەكانی پێشمەرگەدا نییە.
بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد، راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بە گشتی جێگەی ناڕەزایی ئێمەیە، پێویستە بەڵگەكانیان بخەنە ڕوو و بۆمانی روون بكەنەوە، چونكە لە كلتووری ئێمەدا ئەو جۆرە كارانە نییە. پێش ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ھەبووبێت و یاسای نێودەوڵەتی ھەبێت، ئێمە بنەمای خۆمان ھەبووە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دیلەكانی جەنگ و ھەمووان دەزانن چۆن بووە.
هەڵكەوت محەمەد