هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: شیعەکان سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم دوو پەیامیان بۆ ناردووین

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: شیعەکان سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم دوو پەیامیان بۆ ناردووین
ئەندامێکی لیژنەی دارایی: شیعەکان سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم دوو پەیامیان بۆ ناردووین

2021-01-14 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەبەوەدەکات کوتلە شیعیەکان بە فەرمی دوو پەیامیان پێگەیاندوون، بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی پشکە بودجەی هەرێم، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی جێگیر دەکرێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا لەبارەی جێگیرکردنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، دەڵێت" لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دا، هیچ گفتووگۆیەک بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار نەکراوە، ئەو نرخەی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی دیاریانکردووە، وەکخۆی دەمێنێتەوە، چونکە ئەو مەسەلە لە سەڵاحیاتی پەرلەمان نیە."

هۆشیار عەبدوڵا، ڕوونیکردەوە داوایانکردووە داتاکی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکرێت، کە ڕێژەی هەرێم دەکاتە نزیکەی 14%، بەڵام ئایا ئەم ڕێژەی 14% ە، دەتوانێ دەستکاری پشکی هەرێم بکات، ئەمە قورسە، وتی"بەگوێرەی دەسەڵاتی پەرلەمان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر بودجە، ئێمە تەنها توانای دابەزین و گواستنەوەمان هەیە، ئەم پشکە، پێویستبوو وەزیرە کوردەکان لە ئەنجومەنی وەزیران پێش ناردنی بۆ پەرلەمان، گفتووگۆیان لەسەر بکردایە، ئێمە ئێستا لەهەوڵداین، لانیکەم، داتاکانی وەزارەتی پلان دانان جێگیربکەین، ئینجا کێشە کە دێتە بەردەم پشکی هەرێم، پەیوەست نیە بە 12,67، بەڵکو پەیوەستە بە داهاتی هەرێم، کە ئایا هەرێم بەچی ڕادەیەک، بەشداری لە سەلەی ئیتیحادی و زیادکردنی ئیرادی عێراق دەکات."

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشیکرد کوتلە شیعیەکان بەڕوونی دوو پەیامیان پێگەیاندوون، سەبارەت بە پشکە بودجەی هەرێم، کە بریتی بوون لە: جێگیرکردنەوەی ئەو دەقەی لە یاسای قەرزی داراییدا هاتبوو، یاخود داوای هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن بە هەموو ئیلتیزامات و کێشەکانی سەری.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، باسیلەوەکرد تا ئێستا هێچ پەیام و یاداشتێکیان لە هەرێمەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام لێدوانی بەرپرسانی هەرێم، ئاماژەن بۆ نەبوونی نیەت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، وتی"لەناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، ئێمە وەکو هاوپەیمانی هیوای کوردستانی گەورەترین کوتلەین، سێ ئەنداممان هەیە، لەکاتێکدا پارتی دوو ئەندام و یەکێتی یەک ئەندامی هەیە، بۆیە چەند سیناریۆیەکمان بۆ چۆنیەتی داکۆکیکردن لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم داڕشتووە."