مەسروور بارزانی: پشتیوانی لەحکوومەتێک دەکەین کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور
هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە برۆنۆ ئوبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد و پەیوەندییەکانی هەردوولا و رەوشی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کرا.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی هێوربوونەوە و سەقامگیربوونی دۆخی ئێستای عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە پشتیوانی لەحکوومەتێک دەکەین کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو لەیەکتێگەیشتنانەی لە گەڵ حکوومەتی فیدرالی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاتووەتە ئارا.
باڵیۆزی فەرەنسا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتیش گرنگیی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش.