هەواڵی کوردستان ئێستا

دوای تەقینەوەكه‌ی به‌غدا، كازمی چه‌ند فەرماندەیه‌ك دووردەخاتەوە

دوای تەقینەوەكه‌ی به‌غدا، كازمی چه‌ند فەرماندەیه‌ك دووردەخاتەوە
دوای تەقینەوەكه‌ی به‌غدا، كازمی چه‌ند فەرماندەیه‌ك دووردەخاتەوە

2021-01-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گۆڕانكاری لە دەزگا ئەمنییەكان و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی بەپەلە لەو دوو تەقینەوەیەی كە بەغدایان هەژاند.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران بڵاویكردۆتەوە، (موستەفا كازمی) سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ فەرماندەو بەرپرسی دەزگاكانی ئەمنی و هەواڵگریی كرد.

بەپێی راگەیاندراوەكە، كۆبوونەوەكە كە لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا بەڕێوەچووە، كازمی فەرمانیكردووە بە كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بەپەلە لەبارەی تەقینەوەكان، وەستان لەسەر هۆكارەكانی ئەو دزەكردنە ئەمنییەو راوەدوونانی شانە نووستووە تیرۆریستییەكان كە كارئاسانییان كردووە بۆ دەربازكردنی تیرۆریستان و ئەنجامدانی تاوانەكەیان.

هەروەها كازمی فەرمانیكردووە بە هێزە ئەمنییەكان كە لە ئامادەباشیدا بن بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و گرتنەبەری رێوشوێنی مەیدانی پێویست لەو بارەیەوە.

له‌هه‌مانكاتدا باسیش لەوەكراوە، كە كازمی فەرمانی كردووە كە بریكاری وەزیری ناوخۆ بۆ كاروبای هەواڵگری فەریق روكن (عامر سەدام) لە پۆستەكەی لابدات و لەجێگەكەی فەریق (ئەحمەد ئەبو رەغیف) دابنێت.

- (عەبدولكەریم عەبدولفازل) لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و بنەبڕكردنی تیرۆر لابدات و لەجێگەكەی (حەمید شەتری) جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی لەجێگەكەی داندراوە.

- فەریق روكن (جەعفەر بەتات) لە پۆستی فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی دوورخراوەتەوەو لەجێگەكەی فەریق روكن (رائید شاكر) لەجێگەكەی داندراوە، ئەمە جگە لە دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایشی پرۆسەكان لیوا (باسم مەجید).

هاوكات كازمی فەرمانی كردووە كە فەریق (قەیس مەحمەداوی) لە پۆستی فەرماندەی كردەكانی بەغدا دووربخاتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و لەجێگەكەی لیوا روكن (ئەحمەد سەلیم) لەجێگەكەی داندراوە.