هەواڵی کوردستان ئێستا

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارینی بەفرا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارینی بەفرا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارینی بەفرا ڕوو لە ناوچە شاخاوییەکان دەکەن

2021-01-24 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەشێکی زۆر لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان و لە نێویشیاندا چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە لە شاری سلێمانی، تارای سپییان پۆشیوە.

لە وەرزی زستانی هەموو ساڵێکدا لە ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش ناوچە شاخاوییەکان، بڕێکی زۆر لە بەفر دەبارێت.

هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ خێزانەکانیان یان هاوڕێکانیاندا پەیتا پەیتا ڕوو لە ناوچە بەفراوییەکان دەکەن.

ئارام جەبار کە هاوڵاتییەکی شاری سلێمانییە و ڕووی لە چیای ئەزمەڕ کردووه، بۆ دەنگی ئەمەریکا دوا و وتی "ئەمە یەکێکە لە کلتوورەکانی سلێمانی و هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە. خوێندکاران دێنە دەرەوە. خەڵک دێنە دەرەوە. هەموو ساڵێک دەڵێین ئەزمەڕ و گۆیژە تارای سپییان پۆشیوە."‌

بەشێکی هاوڵاتیان خەریکی یاری شەڕەتۆپەڵ دەبن، هەندێکیان بە درووستکردنی بووکەبەفرینەوە سەرقاڵن و ئەوانی تریش لە ناو سەرماسۆڵەی بەفرەکەدا خەریکی وێنەگرتنن.

میوانانی ئەم دیمەنە سرووشتییە جوانەی زستان تەنها خەڵکانی ناوچە کوێستانییەکان نین، بەڵکو لەگەڵ بارینی بەفردا، هاوڵاتیانی باشووری هەرێمی کوردستان و باشووری عێراقیش دەکەونە ڕێ و وەکو گەشتیار سەردان دەکەن.

ڕێکار ئیسماعیل کە خەڵکی دەرەوەی شارە و لە سلێمانیدا خوێندکارە، وتی "لە دوای تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆ و لەگەڵ چەند برادەرێکدا پێمان خۆشبوو سەردانێکی ئێرە بکەین. لەبەر ئەوەی ئەمە یەکەم بەفری ئەمساڵە باریوە. ئەمە مایەی دڵخۆشی ئێمەیە و کەشێکی جیاوازە. "

ئەو هاوڵاتیانەی بۆ دەنگی ئەمەریکا دوان باسیان لەوە کرد، لەناوەڕاستی کۆمەڵێکی زۆر لە قەیران و کێشە و مەینەتیی ئابووری و سیاسیی و تەندرووستی کە هاوڵاتیان پێیدا تێپەڕدەبن، ئەوان بارینی بەفر بە هەل دەزانن تاکو بەشێک لەو مەینەتییانەیان ببیرچێتەوە و کاتێکی خۆش بەرنە سەر.