هەواڵی کوردستان ئێستا

ئێران دەڵێت بەنیاز نیە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی دەربکات

ئێران دەڵێت بەنیاز نیە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی دەربکات
ئێران دەڵێت بەنیاز نیە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی دەربکات

2021-01-26 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە ڕایگەیاند تاران بەنیاز نیە پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەربکات، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی شورای ئێران بڕیارێکی سەبارەت بەو بابەتە دەرکرد کە مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیب زادە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی سەرەڕای پەسەندکردنی ئەو یاسایە " هاریکاری ئێران لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا ناوەستێت و جێبەجێکردنی یاساکە مانای دەرکردنی پشکنەرانی دەزگاکە نیە."

ئەنجومەنی شورای ئێران مانگی ڕابردوو یاسایەکی پەسەند کرد بە ناوی " پلانی ستراتیژی بۆ لابردنی سزاکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران "، حکومەتەکەی سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەدا یاساکەی بەدڵ نیە، بەڵام جەختی کردەوە لەوەی پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنیەوە.

یاساکە حکومەت ناچار دەکات لە 21 ی مانگی دووەوە " جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆڵی دیکە " ی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی ڕابگرێت، ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر تاوەکو ئەو بەروارە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران لانەبرێن، یاخود لەکاتێکدا کە ئەگەر وڵاتانی دیکەی بەشداربوو لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێراندا نەیانتوانی یارمەتی تاران بدەن لە قەرەبووکردنەوەی ئەو سزایانەی لەسەر وڵاتەکەیە و بۆتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکەدا.

لە ساڵی 2015 دا ئێران لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی جیهاندا ( ئەمەریکا و چین و ڕوسیا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا ) ڕێکەوتنی ناوەکی واژۆ کرد، بەپێی ڕێکەوتنەکە ئێران سنوورێک بۆ چالاکییە ناوەکییەکانی دادەنێت و لەبەرامبەریشدا سزاکانی سەر ئیران لادەبرێن.

بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە و ڕێکەوتنەکە هەڕەشەی نەمانی لەسەر دروستبوو، هەروەها سەرجەم سزاکانی ئەمەریکای سەپاندەوە بەسەر تاراندا و ئەوەش بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی دراوی ئێرانی.

نزیکەی ساڵێک دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە ناوەکییەکە، ئێران وردە وردە بەرپرسیارێتیەکانی بەپێی ڕێکەوتنەکە جێبەجێ نەدەکرد.

پشکنینی دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران لەلایەن پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانی سەر بە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیەوە یەکێکە لەو " پڕۆتۆکۆڵانەی دیکە " کە لە یاساکەی ئەنجومەنی شورای ئێراندا باس کراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس