حکومەتی عێراق، قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کوردانی ئێزدی دەکاتهوه
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
دەزگای شەھیدان سەر بە حکومەتی عێراق رایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوایکردووە لەوەی پەلە بکرێت لە قەرەبووکردنەوەی حەوت هەزار کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی قوربانیانی تیرۆر لە دەزگای شەھیدان، تارق مەندەلاوی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە شاندێکی دەزگاکەیان سەردانی پارێزگای نەینەوای کردووە و نووسینگەی دەزگای شەھیدان-یان لە قەزای شێخان کردووەتەوە و گوتی:"شاندی دەزگای شەھیدان لە سەردانەکەیدا، کەمپی شێخانی بەسەرکردووەتەوە کە لە میانیدا بەدواداچوونیان بۆ مامەڵەکانی کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی کردووە".
تارق مەندەلاوی ئاماژەی بەوەیشدا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوایکردووە لەوەی پەلە بکرێت لە قەرەبووکردنەوەی حەوت ھەزار کەسوکاری کوژراون، برینداران و بێ سەروشوێنبووانی کوردانی ئێزدی و گوتی:"لە ئامارەکاندا ئەوە خراونەتەڕوو کە حەوت ھەزار کوردی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە، کوژراون، برینداربوون و بێ سەروشوێنکراون".
چهكدارانى داعش لە سێی ئابی ٢٠١٤دا ھێرشیان کردە سەر قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و بەھۆیەوە ژمارەیەک زۆری ھاووڵاتیی ئێزدی کوژران و ژمارەیەکی دیکەیش لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندران لەنێویاندا ئافرەت و منداڵ ھەبوو.