هەواڵی کوردستان ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: فیلمه‌كه‌ى ئێران سوكایه‌تییه‌ به‌ خەڵكی و سەركردایەتی كوردستان

نێچیرڤان بارزانی: فیلمه‌كه‌ى ئێران سوكایه‌تییه‌ به‌ خەڵكی و سەركردایەتی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی: فیلمه‌كه‌ى ئێران سوكایه‌تییه‌ به‌ خەڵكی و سەركردایەتی كوردستان

2021-01-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌باره‌ی بڵابوونه‌وه‌ى كورته‌ فیله‌مه‌كه‌ى ئێران، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دادەنێین.

نێچیرڤان بارزانی له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت، لەم ماوەیەدا ئاژانسی هەواڵی فارس لە ئێران، لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی دوو فیلمه‌وه‌ لەسەر هەولێر و پێشمەرگە و شەڕی داعش، هەوڵی داوە ڕاستییەكان بشێوێنێت و سووكایەتی بە پێشمەرگە و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان بكات و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بشارێتەوە.

ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو، هاوكارییەكانی ئێران بۆ هه‌رێمى كوردستان لە كاتی شەڕی داعشدا پەیوەندییەكانی نێوانمانی بەهێزتر كرد، ئەو ئاژانسە فەرمییە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەو كارەی هەوڵ دەدات زیان بە پەیوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوانمان بگەیه‌نێت. ئەو کارە گیانی ئەو شەهیدانەش ناشاد دەكات كە ئەو ڕۆژانە پێكەوە لە یەك سەنگەردا بەرامبەر داعش شەهید بوون. بێگومان كارێكی ئاواى پڕ لە نادروستی و پڕ لە شێواندنی ڕاستی و منەتكردنی بەو شێوەیە، بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو ئەخلاق و هەڵسوكەوتەشدا یەك ناگرێتەوە کە فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانى هەیبوو. بۆیه‌ كاری بەو شێوەیە دڵسۆزی نییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و فەرماندەی شەهید، بەڵكو تێكدانی ئەو پەیوەندییە بەهێزەیە كە فەرماندە قاسم سلێمانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان پەرەی پێدابوو.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان راشیگه‌یاندووه‌، پشتیوانییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە كاتە سه‌خته‌كاندا بۆ خەڵک و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان كه‌ بە چەك و تەقەمەنی و ژمارەیەك ڕاوێژكار بە فەرماندەییی فەرماندە قاسم سلێمانی، هاوكاریی پێشمەرگەیان كرد، هەمیشە جێگەی سوپاس و ڕێزە و لەكاتی خۆیدا هەرێمی كوردستان بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە. هەروەك چۆن هاوكاریی هاوپەیمانیی نێودوڵەتیی دژی داعش، بەتایبەتی هاوكاریی كاریگەر و ماوەدرێژی ئەمه‌ریكا، هەروەها هاوكاریی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە، بە هەمان شێوە هاوكاریی حیزبە كوردستانییەكانیش لە ڕۆژانی سەرەتای هێرشی داعشدا بۆ سەر كوردستان لەبیر ناكرێن. هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئێران و دواتریش هاوكاریی بەرفراوانی هاوپەیمانان زۆر گرنگ بوو، چونكە بەهۆی ئەوەی ڕێگە نەدەدرا حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەك لە دەرەوە بكڕێت و حكوومەتی عێراقیش چەك و تەقەمەنی نەدەدایە پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە چەكی زۆر سادە، بەرامبەر دڕندەییی داعش و چەكە پێشكەوتووەكانی وەستابووەوە.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دادەنێین، هەروەها بە سووكایەتیكردن بە قارەمانییەتیی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدانی كوردستان و لە هەمان كاتدا بە سووكایەتیكردن بە بنەما و باوەڕەكانی فەرماندەی شەهید قاسم سلێمانی دادەنێین. لە ڕاستیدا ئێمە هیچ سوودێك لە بەرهەمهێنانی فیلمی ئاستنزم و دوور لە ڕاستیی بەو شێوەیەدا نابینین، جگە لە هەوڵێك بۆ تێكدانی هاریكاریى ناوچەیی و دروستكردنی ناكۆكی لەنێوان گەلانی دۆست لە ناوچەكەدا. بۆیه‌ لە ڕوانگەی هەبوونی پەیوەندیی دۆستانە و هاوكاریی لەمێژینە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، داوای هەڵوێستێكی گونجاو لە كۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر ئەو دوو فیلمە دەكەین كە بووەتە هۆی برینداركردنی هەستی گەلی كوردستان.