هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمریکا هەوڵدەدات بنکەیەکی ئاسمانی نوێ لە سعوودیە بکاتەوە

ئەمریکا هەوڵدەدات بنکەیەکی ئاسمانی نوێ لە سعوودیە بکاتەوە
ئەمریکا هەوڵدەدات بنکەیەکی ئاسمانی نوێ لە سعوودیە بکاتەوە

2021-01-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەمریکا لە بەرامبەر مەترسی هێرشی ئێران، چەند فڕۆکەخانە و بنکەی ئاسمانیی لە سعوودیە بەکاردەهێنێت و لەئێستاشدا هەوڵدەدات بنکەیەکی ئاسمانیی نوێ لەو وڵاتە بکاتەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەڕاستی سوپای ئەمریکا، کێنس ماککێنزی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باسی لەوە کرد کە لە ماوەی رابردوودا سوپای ئەمریکا، دژبە هەڕەشەی هێرشی مووشەکی بالیستی ئێران بنکەیەکی ئاسمانیی جێگرەوەی لە سعوودیە بەکارهێناوە.

کێنس ماککێنزی ئاماژەی بەوەشدا کە لەئێستادا بەدوای شوێندا دەگەڕێن تا بنکەی ئاسمانیی نوێی لێ دروست بکەن و ئەم بنکە نوێیانەش دەتوانن دژبە هەڕەشەکانی ئێران ببنە جێگرەوەی بنکە ئاسمانییەکان لە قەتەر و کوێت.

لە هەواڵەکەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" باس لەوە کراوە کە لەئێستادا هەزاران سەربازی ئەمریکی لە بنکەی سەربازیی شازادە سوڵتان نزیک شاری ریاز-ن، تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییە پتەوەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ حکوومەتی سعوودیە دروستی کردووە، ئامادەیی سەربازی ئەمریکا لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٩وە زیادی کردووە.

لە هەواڵەکەدا هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە کە گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و ریاز بۆ ئەوەی بنکە ئاسمانییەکانی تەبوک و تائیف بکەن بە شوێنێکی گونجاو بۆ سوپای ئەمریکا بەردەوامە.

دوای ئەوەی جۆ بایدن پۆستی سەرۆکی ئەمریکای وەرگرت، دووبارە پرسی ئێران هاتووەتەوە ناو رۆژەڤ.

هەرچەندە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی ئێران بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سعوودیە رێوشوێنی توند دەگرێتە بەر، بەڵام نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، عەلی رەزا میریوسفی هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ئامادەکاری وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هێرش دەکەن و رایگەیاند "ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە هۆکاری سەرەکی شەڕ و نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ن".