هەواڵی کوردستان ئێستا

منداڵێکی تازە لەدایکبوو له‌ كه‌ركوك دۆزرایه‌وه‌

منداڵێکی تازە لەدایکبوو له‌ كه‌ركوك دۆزرایه‌وه‌
منداڵێکی تازە لەدایکبوو له‌ كه‌ركوك دۆزرایه‌وه‌

2021-02-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی رابردوو، منداڵێکی کوڕی تازە لەدایکبوو لە گەڕەکی وەحدەی شاری کەرکووک لەلایەن خێزانێکەوە دۆزرایەوە و دواتر رادەستی بنکەی پۆلیسی عروبە کراو و پۆلیسیش رادەستی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک کردووە.

لێپرسراوی بەشی منداڵانی نەبەکام (خودەج) لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک، موعتەسەم عەزیز بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ گوتی: "کاتێک منداڵەکەیان ھێنایە نەخوشخانەکەمان بەھۆی کەمی تەمەنی و بەپێی روخساری پێ دەچوو کەمتر لەسێ کاتژمێر بێت لەدایک بووبێت و دۆخی تەندروستیشی ناجیگیربوو، بۆیە راستەوخۆ برایە بەشی چاودێری چڕ و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک مانەوە و ئەنجامدانی پشکنین بۆی، لەئێستادا تەندروستی باشتر بووە، بەڵام بەتەواوی چاک نەبووەتەوە".

موعتەسەم عەزیز گوتیشی: "ماوەی دوو رۆژە ئەم منداڵە لە نەخۆخشانەکەمانە و تا ئێستا کەسوکاری نادیارن و کەسیش ناونیشانی نازانێت بۆیە لەلایەن کارمەندانی بەشی نەبەکامەوە منداڵەکەمان ناو ناوە زەکەریا".

لەلایەن خۆیەوە جێگری بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک، زانا جەبار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "لەسەرەتای ئەمساڵدا ئەمە یەکەم حاڵەتی فرێدرانی منداڵە لە کەرکووک کە لە نەخۆشخانەی منداڵاندا بمێنێتەوە و لەئێستادا لەلایەن کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە گرنگی پێ دەدرێت و پێداویستیەکانیشی لەلایەن کارمەندەکانەوە دابین دەکرێت".

زانا جەبار باسی لەوەیشکرد کە بەپێی یاسا ئەو منداڵانەی بێ کەسوکارن لە نەخۆخشانەی منداڵان دەمێننەوە تا ئەو کاتەی دادگا دەیبەخشێتە خێزانێک کە ئەویش رێکاری یاسایی خۆی ھەیە و دادوەر بڕیاری لێ دەدات پاشان ئێمە منداڵەکەی پێ دەدەین.

ئەمە یەکەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵە لە شارەکە لەمساڵدا و بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک لە ساڵی رابردوودا، حەوت منداڵ فڕێدرابوون کە سەرجەمیان لەلایەن دادگاوە بەخشراون بەو خێزانانەی منداڵانیان نییە و توانای بەخێوکردنیان ھەبووە.