هەواڵی کوردستان ئێستا

دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی لە بواری مافی مرۆڤدا ناوە

دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی لە بواری مافی مرۆڤدا ناوە
دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی لە بواری مافی مرۆڤدا ناوە

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

لە رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤدا، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت سەرەڕای تەحەددییەكان هەرێمی كوردستان هەنگاوی ئەرێنی زۆری لە بواری مافی مرۆڤدا ناوە.

 ئەمڕۆ سێشەممە 2019.12.10 لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی كە بە بۆنەی رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤەوە ساز كرابوو، د. دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم كوردستان رای گەیاند: لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی ئابوورییەوە، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و تەحەددیات بۆوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەوڵیدا پابەند بێت بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤەوە. زێباری لە میانەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا تیشكی خستە سەر پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ و وتی: حکومەتی هەرێم لە رێگای رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە ئەندامە لە لیژنەی نیشتمانی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، تیمی نیشتمانی عێراق تایبەت بە مامەڵە کردن لەگەڵ تیمی (یۆنیتاد) لیژنەی بەدواداچوون لە چارەنووسی بێسەروشوێن بووانی و بەشداری کردن لە میکانیزمی وەزارەتی دادی فیدراڵ بۆ گفتۆگۆکانی خوێندنەوەی راپۆرتەکانی عێراق لەو رێککەوتننامانەی کە عێراق ئەندامە تێیدا، لە بواری پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی هەرێم، حکوومەت بەردەوامە لە سیاسەتی ستراتیژیی خۆی و گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەكانی هەرێمی كوردستان مافەكانیان بە یاسا چەسپاوە لە گشت كایەكانی ژیان مافەكانیان پارێزراوە.".

 

زێباری ئاماژەی بە یارمەتیدانی پەنابەر و راگوێزراوان و هەوڵەكانی حکوومەتی هەرێم بۆ رزگاركردنی ئێزیدییەكان كرد و گوتی: "ئێستا ژمارەی پەنابەر و راگوێزراوان لە هەرێمی كوردستان دەگاتە ( ١٠٣٧٤٤٦) كە جگە لە راگوێزراوان پەنابەری رۆژهەڵات، رۆژئاوا،باكور و فەڵەستینیش لە هەرێمی كوردستانن، هەروەها بەمدواییە کەمپێک لە بەردەڕەش درووستكراوە بۆ پێشوازی کردن لە پەنابەرانی رۆژئاوا کە دوای رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە روویان لە هەرێم کرد کە (١٧٩٨٣) پەنابەر لە خۆدەگرێت. لە بواری رزگاركردنی ئێزیدییەكانیش بەرنامەیەکی پراکتیکی دانراوە بۆ پاڵپشتی دەستەی لێکۆڵینەوە، کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردن بۆ جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و تا ئێستا توانراوە (٢٦٠٠) دۆسیەى تاوان دژى ئافرەتانى (ئێزیدى، کریستیان،تورکمان و شەبەک) بە دیكیۆمینت بكرێ بۆ مەبەستی دادگاییکردن لە دواى هێرشەکانى داعش، هەروەها (٣٠٠٠) دۆسیەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. لە بارەی گرنگیدان بە ئافرەتان دیندار زێباری گوتی: هەرێمی كوردستان لەم رووەوە هەنگاوی زۆری ناوە كابینەی نۆیەمیش بەردەوامە لەو گرنگی پێدانە، بۆ نموونە لە رێکەوتى ١٨/٢/٢٠١٩ یەكەم ئافرەت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێ سپێردرا و ئافرەتێكیش لە پێكهاتەی توركمان بە سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و وەزیرى کاروبارى هەرێم) بە ئافرەتان سپێردراون. گرنگی زیاتر دراوە بە سەنتەرەکانى داڵدەدانى ئافرەتان لە پارێزگاکانى (هەولێر، سلێمانى، دهۆک، قەزاى کەلار، لە ساڵی ٢٠١٨ پێشوازی لە (١١٨٦) حاڵەت کراوە و تا مانگی نیسانی ٢٠١٩ پێشوازی (٧٨) لە حاڵەت کراوە.لەم دواییەدا نزیکەی (٧٤) ئافرەتی ئاوارە و پەنابەر و بیانی لە خانەکانی داڵدەدانی ئافرەتان کەیسەکانیان چارەسەر کراوە.

لە بواری دادوەری،رۆژنامەنووسی، تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا ئافرەت رۆڵی زۆریان هەبووە و لەو بوارەوە هەنگاوی زۆر نراوە. لەلایەكی دیكەوە لە (١١) بنکەی تەندروستی حاڵەتەکانی خەتەنە کردنی کچان تۆمار دەکرێن لەگەڵ هەڵمەتەکانی وشیار کردنەوەی دایک و باوکانرێژەی خەتەنە کەمی کردووە. زێباری باسی لە گیراوانی داعش كرد و وتی: ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گشت مافێكیان هەیە وەك بوونی پارێزەر و بەكارهێنانی تەلەفۆن و پەیوەندیی بە کەسوکاریانەوە بکەن و رێگا بە رێکخراوە پەیوەندیدارەکان دراوە کە سەردانی بنکەکانی دەستگیر کردن و بەندیخانەکان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاویان پێیان بکەوێت، هەروەها پرۆگرامێکی تایبەت دانراوە بۆ ئەوەی ئەم دەستگیر کراوانە سوودمەند بن لە پرۆسەی خوێندن بە زمانی عەرەبی. لەلایەكی دیكەوە حکوومەتی هەرێم سەدان دەستگیركراوی داعشی رادەستی لایەن پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی فیدراڵی كردووە. لە كۆتایی كۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەكەدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حکوومەتی هەرێم دەربارەی كرێكارانی بیانی و خاوەن پێداویستی تایبەت و كەم ئەندامان رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێم گرنگییەكی زۆری بە كرێكارانی بیانی داوە و هەمان مافی كرێكارانی ناوخۆییان هەیە، هەروەها چەندین كۆمپانیا رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتە بەر بە هۆی سەرپێچی كردنیان بەرامبەر بە كرێكارانی بیانی، لە بارەی خاوەن پێداویستی تایبەت و كەم ئەندامان تا ساڵی ٢٠١٨ ئەو کەم ئەندامانەی کە مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە (٩٥٩١٦) کەس بوون، دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی مووچەی ژمارەیەکیان بڕا بەپێی بڕیاری لیژنەی پزییشکی، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ نزیکەی (١٣٠٠٠) هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت، بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران موچەکانیان گەڕاوەتەوە، هەروەها بەپێی دوایین ئامار (١٢،٠٦٨) کەس دامەزراون".