هەواڵی کوردستان ئێستا

بابه‌كر زێباری: گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئەو بۆشاییە ئه‌منییەی هه‌یه‌ پڕ بكرێته‌وه‌

بابه‌كر زێباری: گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئەو بۆشاییە ئه‌منییەی هه‌یه‌ پڕ بكرێته‌وه‌
بابه‌كر زێباری: گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئەو بۆشاییە ئه‌منییەی هه‌یه‌ پڕ بكرێته‌وه‌

2020-02-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر -KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتی، هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش كه‌ به‌پێی قسه‌ی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له ‌عێراق و سووریا نزیكه‌ی 20هه‌زار چه‌كدارن، ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ كه‌ له‌ نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگەدا‌ هه‌یه‌، كه‌ هێزی عێراقی و پێشمه‌رگه‌ گفتوگۆی به‌رده‌وام ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن و ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ڕێك نه‌كه‌وتوون.


سوپاسالاری پێشووی عێراق، بابه‌كر زێباری، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی مه‌ترسیی داعش له‌سه‌ر عێراق و سووریا هۆشداری داوه‌ و، باسی له‌وه‌ كردووه‌ کە نزیكه‌ی 20هه‌زار داعش لە عێراق و سووریا هەیە. هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانەوەی داعش له‌ ناوچه ‌كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گەڕێته‌وه‌ کە بۆشاییه‌كی ئه‌منی هه‌یه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت به‌ته‌نها به‌ڕێوه‌ی ببات و هه‌رێمی كوردستانیش داوا ده‌كات به‌ هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ ببرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ پڕ بكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا داعش مه‌ترسیی به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌."

بابه‌كر زێباری گوتیشی: "ئه‌و ناوچانه‌ بوونه‌ته‌ مۆڵگه‌ی داعش و هه‌موو كاره‌كانیان له‌و ناوچانه‌ی كه‌ بۆشاییی ئه‌منییان تێدایە،‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و به‌رده‌وام هێزه‌ عێراقییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن کە داعش له‌و ناوچانه‌ ناهێڵن، به‌ڵام ڕۆژ به ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بن، له‌ خانه‌قین تا ده‌گاته‌ كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین و مووسڵ تا به‌غداش هەن."

گوتیشی: "گفتوگۆی به‌رده‌وام ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییەی‌ كه‌ هه‌یه‌ پڕ بكرێته‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، به‌ڵام پێویسته‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ خه‌تی به‌رگریی خۆیان به‌هێزتر بكه‌ن، چونكه‌ داعش بووەته‌ مه‌ترسی و ڕه‌نگه‌ كرده‌وه‌ ئه‌نجام بده‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق هه‌رچۆنێك بێت ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییەی‌ هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات، چونكه‌ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی له‌و بۆشاییه‌، حكوومه‌تی عێراقه‌."

بڵند ئیبراهیم