هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندێكی سیاسیی كوردستان دەبارەی بودجه‌ی 2020 گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ده‌كات

شاندێكی سیاسیی كوردستان دەبارەی بودجه‌ی 2020 گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ده‌كات
شاندێكی سیاسیی كوردستان دەبارەی بودجه‌ی 2020 گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ده‌كات

2020-02-08 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر -KDP.info- هه‌رێمی كوردستان چه‌ند داواكارییه‌كی لە به‌غدا هه‌یه‌ لە ئه‌گه‌ری گفتوگۆدا ده‌یانخاته ڕوو. ئه‌ندامێكی شاندی پارتی بۆ به‌غدا باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێك ئاڵۆز بووه‌، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان چاویان له‌وه‌یه‌ چۆن دۆخه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك به ‌ئاراسته‌ی مه‌ترسیدار و مه‌رج داواكاری له‌ پشكی حزبی ببرێت.

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، كاندیدی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراق، له ‌به‌رنامه‌یدایه‌ سه‌ردانی كوردستان بكات، هه‌وڵه‌كانیشی بۆ ئەوەیە کە‌ بۆچوونی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌سه‌ر پێشهاته‌كان وه‌ربگرێت، پێشتر سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان ئاشكرای كردبوو، كه‌ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ لیستی شیعه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ربژێری نوێی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقیش سه‌ر به‌ لیستی فه‌تح و سائیروونه‌، خۆپێشانده‌رانیش به‌رده‌وامن له‌ خۆپێشاندان و داوای لاچوونی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی عێراق ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆككۆماری عێراق به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵه‌كانیان تا دۆخه‌كه‌ هێور بێته‌وه‌, ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، نیوه‌ی کاری پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراقی په‌ك خست, به‌ جۆرێك کە جگه‌ له‌ وه‌زیره‌كان، پۆسته‌كانی دیكه‌ی عێراق هێشتا به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌برێن، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دوو ئاراسته‌ داواكاریی هه‌یه‌، یه‌كه‌م هه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانێك بێت ده‌بێ مافه‌كانی كوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و كورد ببێته‌ شه‌ریكی ڕاسته‌قینه‌ له‌ عێراقدا. د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م، ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ به‌غدا بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تا ئێستاش خۆپێشانده‌ران به‌رده‌وامن له‌سه‌ر دژایه‌تیی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، به‌ڵام ئێمه‌ پشتیوانیی هه‌ر به‌ربژێرێك ده‌كه‌ین کە ته‌وافوقی شیعه‌كانی له‌سه‌ر بێت، كه‌ ئه‌مه‌ كاری ئه‌وانه‌ و كه‌سێك بێت دۆخه‌كه‌ ئارام بكاته‌وه‌، داواكاریی ئێمه‌ش دیاره‌، یه‌كه‌م، جێبه‌جێكردنی ده‌ستووره‌ و، دووه‌میش، مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ شایسته‌ی دارایی, واش بڕیاره‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات، ئه‌مه‌ گرنگه‌ كه‌ لێکگه‌یشتنی زیاتر هەبێت.'

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م گوتیشی: "به‌داخه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئاسته‌مه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێ، کە له‌لایه‌ن فه‌تح و سائیروونه‌وه‌ دیاری كراوه،‌ به‌شێك له‌ شیعه‌كان و خۆپێشانده‌رانیش پێی ڕازی نین، به‌رده‌وامیشن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان، بۆیه‌ دیار نییه‌ دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و كوێوه‌ ده‌ڕوات و محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی ناتوانێت دۆخه‌كه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ عێراق له‌م قه‌یرانه‌ ڕزگار بكات".

د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ڕایشیگه‌یاند: یه‌كده‌نگیی كوردستان زۆر گرنگه‌ و ده‌بێ به‌ یه‌ك پاكێج گفتوگۆ بكه‌ین و داوا بکەین ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت و شاندی هه‌ولێر و به‌غداش به‌رده‌وام گفتوگۆیان ده‌بێت."

جیا له‌ پرسی ئیداری، هیشتا بودجه‌ی 2020ی عێراق له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ نه‌نێردراوه‌ بۆ په‌رله‌مانی عێراق، له ‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌و بودجه‌یه‌ ڕێككه‌وتنی كردووه‌، كه‌ ڕۆژانه‌ 250هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بدرێته‌ به‌غدا و له‌ به‌رانبه‌ردا به‌غداش شایسته‌ داراییه‌كانی كوردستان بدات، بۆ ئه‌م پرسه‌ گرنگه‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی بكرێت، تا له ‌په‌رله‌مانی عێراق ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ هاوپێچ له‌گه‌ڵ بودجه‌ی 2020ی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌رله‌م بارەیە‌وه‌, د. جه‌مال كۆچه‌ر, سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئه‌م كاندیده‌ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی باشتره‌، چونكه‌ له ‌سه‌رده‌می عه‌بدولمه‌هدی, گۆڕانكاریی جوگرافی كرا و قسه‌ی نه‌كرد، گۆڕانكاریی ئیداری كرا و قسه‌ی نه‌كرد، میلیشیا به‌هێز كرا و قسه‌ی نه‌كرد، بۆیه‌ ده‌بێ كورد ڕاشكاوانه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رۆكوه‌زیرانه ‌بكات و هێڵی گشتیی داواكارییەکانی بخاته‌ ڕوو".

د. جه‌مال كۆچه‌ر گوتیشی: "چه‌ند داواكارییه‌كمان له‌ به‌غدا هه‌یه‌، یه‌كه‌م قه‌واره‌ی كوردستان ڕێزی لێ بگیرێت، دووه‌م، سنووری كوردستان پارێزراو بێت، سێییه‌م، مووچه‌ و بودجه‌ و ئیمتیازاتی خه‌ڵكی كوردستان بپارێزرێت, چواره‌م، پرسی یاساییه،‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ قانوونی نه‌وت و گازه‌وه‌ هه‌یه و‌، گرنگه‌ به‌ ڕاشكاوانه‌ به ‌به‌غدا بڵێین ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌یه‌ و كۆمپانیاكان له‌ كوردستانن، بۆیه‌ ده‌بێ له‌و ڕووه‌وه‌ موراعاتی كوردستان بكرێت، پێنجه‌م ده‌بێ كوردستان وه‌ك پێگه‌ی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، نه‌ كورسی".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ڕایشیگه‌یاند: "ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌سه‌رچوو کە كه‌س باسی كوردستان نه‌كات، ئێستا كوردستان له ‌ناوچه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌یه‌ و ناكرێ په‌راوێز بخرێت."

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: "بڕیاره‌ شاندی سیاسیی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق گفتوگۆ لەسەر تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی 2020ی عێراق بکات."

کارزان هەورامی