هەواڵی کوردستان ئێستا

باڵ و گرووپەکانی نێو یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتوون

باڵ و گرووپەکانی نێو یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتوون
باڵ و گرووپەکانی نێو یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێککەوتوون

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

ئەندامی مەکتەبێکی سەرەکیی حزبەکە: ٢١ی ئەم مانگە مەراسیمی وەرگرتنی بەشە کێکەیە

باڵ و گرووپەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حزبەکە لە کۆنگرەی چوارەم ڕێککەوتوون و کادیرێکی پێشکەوتووی حزبەکەش نهێنی لەمبارەیەوە ئاشکرا دەکات.

 

بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز) کە لە سەرچاوەکانی لەنێو یەکێتییەوە دەستی کەوتووە، تاوەکوو کۆتایی هەفتەی ڕابردوو، باڵ و گرووپەکانی یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی حزبەکە ڕێک نەکەوتبوون، بەڵام هەفتەی ڕابردوو لەنێوخۆیاندا ڕێککەوتنیان کردووە و بەو هۆیەشەوە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاری داوە لە ٢١ی ١٢ی ٢٠١٩دا کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە ببەسترێت.

 

لەمبارەیەوە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، هێمن مامڕەش، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە کە مەکتەبێکی سەرەکیی یەکێتییە و سەعدی پیرە سەرپەرشتی دەکات، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) زانیارییەکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

 

ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی داوا لە کادیرانی حزبەکەی دەکات، لە ئاستی خوارەوەدا “دڵی یەکتر نەڕەنجێنن”، چونکە “دەمێکە لەسەرەوە کێکەکە ئامادە کراوە، هەفتەی ڕابردوو هەرکەس بەشی خۆی دیاریکرد”.

 

جەختیشی کردووەتەوە کە لە کۆنگرەدا باڵ و گرووپەکانی یەکێتی بەشەکانی خۆیان وەردەگرن و نووسیویەتی: “رۆژی ٢١ ی مانگ، مە‌راسیمی وە‌رگرتنی بە‌شە‌ كێكە‌كان بە‌ڕێوە‌ دە‌چێت، دوعا بكە‌ن دە‌رفە‌تی پیرۆزباییە‌كە‌تان بە‌ر بكە‌وێت!”. ئەمەش وەک ئاماژەدانێکی ئەو کادیرە پێشکەوتووەی یەکێتی بە کۆنفرانسەکانی هەلبژاردن کە لە کۆمیتە و مەڵبەند و ئۆرگانەکانی تری حزبەکەدا بەڕێوە چوون، بەوەی بایەخێکی ئەوتۆیان نییە و پێشوەختە ڕێککەوتن لەنێو باڵەکاندا کراوە.

لە ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩، فەرید ئەسەسەرد، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی لەبارەی ڕێککەوتنی باڵەکان پێش کرنگرە و بڕیاردان لەسەر دانانی سەرکردەیەک بە کەسی یەکەمی یەکێتی، به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاندبوو: “‌ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ پێش به‌ستنى كۆنگره‌ به‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، یان له‌سه‌ر ئاستێكى دیاریکراو سازانێك بێته‌ ئاراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ بتوانێت ئامانجه‌كانى خۆى به‌دى بهێنێت، ئه‌و سازانه‌ش ده‌بێت پێش به‌ستنى كۆنگره‌ بكرێت“.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری سەرکردەکانی یەکێتی لە میدیاکاندا باس لە  دژایەتیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی پێشوەختە لەسەر کۆنگرە و پۆستەکانی یەکێتی دەکەن.