چەند كارگەیەكی ریسایكلین دروست دەكرێن


چەند كارگەیەكی ریسایكلین دروست دەكرێن

2019/12/10 | 17:00 - سەرچاوە: باسنیوز

( ئه‌م رۆژه‌ | هەواڵی كوردستان)-  

وەزیری شارەوانی ئاشكرای دەكات، بۆ پرسی كۆكردنەوەی خاشاك و پرۆسەی ریسایكلین لە شارەكاندا، چەند كارگەیەكی تایبەت بەو بوارە دروست دەكرێن.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، یەكێك لەو كارانەى، كە خەریكە لەسەر ژینگەی كوردستان دەبێتە مەترسی، دروستنەبوونی پڕۆژەكانی ریسایكلینی ستانداردە، گوتی: "یەكێك لە بایەخە گرنگەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە دەیەوێت لەم كابینەیەدا بكرێت، دروستكردنی كارگەی ریسایكلینە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان".

زیاتر گوتیشی: "بەشێكە لە بەرنامە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی، كە هەوڵ دەدات پەرە بەو كارگەی ریسايكلینانە بدات، كە ئێستا لە كوردستان هەن، وەك كارگەكانی دهۆك، ئاكرێ، سلێمانی و ئامێدی، كە لە واری دروستكرندان، ئەویش بە رێگەی چارەسەركردنی ئەو خاشاك و پاشەڕۆیانە بە رێگەیەكی زانستی، كە هیچ زیانێكی بۆ ژینگەی كوردستان نەبێت".

بەپێی ئاماری وەزارەتی شارەوانی، رۆژانە لە هەولێر 2 هەزار و 400 تەن و لە سلێمانی هەزار و 200 تەن و لە دهۆکیش هەزار تەن زبڵ و خاشاک کۆ دەکرێتەوە، مانگانەش حکوومەت دەبێت 12 ملیار دینار بداتە کۆمپانیاکان.

وەزیری شارەوانی گوتیشی: "ئەو شوێنانەیشی كە كارگەی ریسایكلینی تێدا نییە، هەوڵ دەدەین كۆمپانیای پێشكەوتوو بانگهێشت بكەین بۆ ئەوەی باشترین كارگەی ریسایكلینیان تێدا دروست بکات".

وەزارەتی شارەوانی دەستی كردووە بە دروستكردنی كارگەیەكی گەورەی جیاكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سلێمانی، كارگەكە لەسەر رووبەری 30 دۆنم زەوی دروست دەكرێ، كە لایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە پڕۆژەكە كاری تێدا دەكرێت و سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری چەمچەماڵ و دوكان لێی سوودمەند دەبن.

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە تەواو دەكرێت، ماوەی گرێبەستی پڕۆژەکە 36 مانگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی سەرپەرشتیی دەکات و لە 20%ی كارەكانی كراوە.

کارگەكە، توانای جیاکردنەوەی 500 تەن خۆڵ و خاشاکی لە ماوەی 16 سەعاتدا هەیە، ڕێژەی جیاکردنەوەی بۆ کەرەستەی ڕیسایکلین لە ٪60 و ڕێژەی کەرەستە بۆ داپۆشین لە ٪40 و بەرهەمهێنانی پەین 300 تەنە، هەروەها کەرەستەکانی پلاستیک، کارتۆن، کاغەز، شووشەوات، کانزا، پەڕۆ لەیەکتر جیا دەکاتەوە.

 



سەرچاوەى هەواڵ - باسنیوز


Sponsored Links