هەواڵی کوردستان ئێستا

چەند تویژێک بەرێژەیەک لە باج دەبووردرێن

چەند تویژێک بەرێژەیەک لە باج دەبووردرێن
چەند تویژێک بەرێژەیەک لە باج دەبووردرێن

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

ئاسانکارییش بۆ ئەوانە دەکرێت کە باجیان لەسەر کەڵەکە بووە

بەرپرسێكی باڵای باج ئاشكرای دەكات، بە رێژەیەك لێخۆشبوون كراوە بۆ هەندێك توێژ، بۆ ئەوەی باجی ساڵانەی خۆیان بدەن. دووپاتیشی دەكاتەوە ئاسانكاری دەكەن بۆ ئەوانەی باجیان لەسەر كەڵەكە بووە.


کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باج و دەرامەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی ڕاگەیاند بۆ هاندانی باجدان و هاوكاریكردنی توێژەكانی كۆمەڵگا رێژەیەك لە باجی ساڵانە لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت، گوتی: "ئەمساڵ ئەوەی لە دەسەڵاتی خۆماندایە بۆ هاوكاریكردن و هەمیش بۆ راكێشانی ئەوانەی باجیان نەداوە، كە هەیە 10 ساڵە باجی نەداوە، بڕیارمان داوە رێژەیەك لێخۆشبوون بۆ داشكان لە باجی پزیشكان بكرێت".


ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان ساڵی رابردوو بۆ پارێزەران لێخۆشبوونیان كردووە و ئەمجارە بە مەرج لێخۆشبوون دەكرێت بۆ پزیشكان، گوتی: "داشكانەکە ئەو پزیشكانە دەگرێتەوە، كە تازە نۆرینگەیان كردووەتەوە، هاوكارییەكە بە جۆرێكە 25% لە دانی باج دەبەخشرێن، بەو مەرجەی دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا باج بدەن".


روونیشی كردەوە، ئەوانەی 10 ساڵە باجیان نەداوە ماوەیەكیان بۆ دیاری دەكرێت، لەو ماوەیەدا باجی خۆیان نەدەن سزاكانیان توندتر دەبێت، تا دەگاتە قەدەغەكردنی گەشت لەسەریان، گوتیشی: "هەر توێژێك لەگەڵمان جدی بێت و هاوكار بێت بۆ پاكتاوكردنی باجی خۆیان، ئەوا هاوكاریان دەبین و رێژەیەك لێخۆشبوونیان بۆ دەكرێت".


لە کوردستاندا باج خراوەتە سەر زۆر شت، وەک باجی دەرامەت، خانووبەرە، زەوی، باجی سەر پیشە، کۆمپانیا، خاوەنکار، مارکێت و مۆڵ، کارگەکان، چێشتخانەکان، هۆتێل و موتێل و سەنتەرەکانی جوانکاری و چەندین بواری دیکە.


وەرتی ئەوەشی خستە ڕوو، كێشەیان لەگەڵ پزیشكان و پارێزەران هەبوو لە دانی باج، ئەوانە چارەسەر كراون و خەڵكی تریش بەتایبەت دوكاندار و خەڵكی بازاڕ هاوكاریانن، خەڵك بەم دواییە باش هاتووەتە پێش بۆ دانی باج، گوتیشی: "دۆخی باجدان زۆر باشە، دامودەزگاكانی حكوومەت هەماهەنگن و داهاتی باجیش زۆر زیادی كردووە و ئێمەش كاروباری خەڵكمان ئاسان كردووە و بەردەوامیش دەبین لە ئاسانكاری، بۆ ئەوەی باجی خۆیان بدەن".


وەزارەتی دارایی وەزارەتەکانی ئاگادار کردەوە، کە لەپێناو پاراستنی مافی گەنجینەی میری و رێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج، مۆڵەت و ناسنامەی ئەندامیەتی لەلایەن سەندیکا و کۆمەڵەکان نەدرێت و نوێ نەکرێتەوە، تاوەکوو کەسەکە پاکانەی باج لەگەڵ پێدانی زانیاریی تەواو بە باجدەران نەکا.


بە گوتەی بەرپرسەكەی باج، رێكارەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی خۆدزینەوە لە باج كەم بكرێتەوە و زۆرترین خەڵك پابەندی باجدان بكرێت.