هەواڵی کوردستان ئێستا

مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریر پەیامێك ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكەن

مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریر پەیامێك ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكەن
مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریر پەیامێك ئاراستەی بەرهەم ساڵح دەكەن

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ سێشەممە خۆپێشاندەرانی بەغدا پەیامێكیان بە ئیمزای مانگرتووانی گۆڕەپانی تەحریر ئاراستەی بەرهەم ساڵح سەركۆماری عێراق كردووە، تیایدا داوای لێ دەكەن لە ماوەی پێنج ڕۆژی داهاتوودا كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كاتی دەستنیشان بكات.


مانگرتووانی تەحریر لە پەیامەكەدا رایانگەیاندووە كە دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆك وەزیرانیان ناچار كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، ئێستە نۆرەی بەرهەم ساڵحە لە ماوەی ئەم پێنج ڕۆژەدا كەسێكی گونجاو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشنیاز بكات.


مانگرتووان داواشیان لە بەرهەم ساڵح كردووە كۆبوونەوەیەكی ئاشكرا لەگەڵ سەرۆكەكانی زانكۆكانی عێراق ئەنجام بدات، بە ڕاوێژ و پێشنیازی ئەوان، كەسایەتیی نیشتمانی لە كادیرانی شارەزا و لێهاتووی خاوەن تایبەتمەندیی زانستی سیاسی، یاسا، ئیداری و گەشەپێدانی ئابووری هەڵبژێرن، تا كەسێكی گونجاو لەناو ئەوانەدا دەستنیشان بكەن بۆ سەركردایەتیكردنی وڵاتەكە لە ماوەی حكومەتی كاتیدا تا ئەو رۆژەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام دەدرێت.


جێی باسە ئەمڕۆ سێشەممە خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدا دژی حکومەتی عێراق ئەنجام درا، سەرپەرشتیارانی خۆپێشاندانەکان بە دانانی تەلبەند و دیوارێکی مرۆیی، پردی کۆمارییان لە بەغدا داخستووە، بۆ ئەوەی رێگریی لە پەڕینەوەی خۆپێشاندەران بۆ ناوچەی سەوز بکەن.


خۆپێشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019وە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری دەستیان پێکرد، بەهۆی كەوتنەوەی توندوتیژیەوە زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە، زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون.