هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی سبەینێدا پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات

ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی سبەینێدا پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات
ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی سبەینێدا پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

ئەمڕۆ سێشەممە وەزیرێكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا پرۆژە یاسای چاكسازی پەسەند دەكرێ و دواتر بۆ پەرلەمانی كوردستان دەنێردرێت.


ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ (باسنیوز) رایگەیاند كە سبەی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە و پڕۆژە یاسای چاکسازی پەسەند دەکات.


هەروەها دووپاتی كردەوە كە لە دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرۆژە یاساكە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەكرێت.



ئەمەش لە كاتێكدایە زیاتر لە هەفتەیەکە لیژنەی باڵای چاکسازی، کە بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک هێنراوە، رەشنووسی پرۆژە یاسای چاکسازی تەواو کردووە و بڕیارە دوای كۆبوونەوەكەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت،


بە پێی راپۆرتێكی ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی (باس)، لەناو هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی كوردستاندا، یەکێتی لە پەسەندکردنی پڕۆژەکە نیگەرانە.


پڕۆژەی (چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان- عێراق)، كە وەک باس دەکرێت لە پتر لە (20) مادە پێك هاتووە، بڕیار بوو 1511 واتە ناوەڕاستی مانگی رابردوو، دوا وادەی کاری ئەو لێژنەیە بێت کە ئیشی لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە کردبوو و نوێنەری هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتیشی تێدایە، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرا هەفتەی رابردوو، هەر لەگەڵ تەواوبوونی، بۆ گفتوگۆی کۆتایی و پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی هەفتانەیدا، بڕیاری یەکجاریی لێ بدرێت و رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناڕازیبوونی یەکێتی راگیرا.

بە پێی زانیارییەکانیش، یەکێتی بە تایبەتی نیگەرانە لە چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خەرجی و مووچەی یەکەی حەفتا، هەروەها لە پێداچوونەوەی لیستی ئەو خانەنشینانەی پلەی باڵای سەربازییان پێدراوە. بۆیە ئەم هەفتەیە بە پێداگریی سەرۆکی حکومەت، دوا وادەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە چیتر بەهۆی پێداگریی لایەنێکەوە لەسەر گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکەکەی رانەگیرێ و پرۆژەکە دەبردرێتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و پەسند دەکرێت تاکو ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.