هەواڵی کوردستان ئێستا

نوێنەری ئەورووپای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەكات

نوێنەری ئەورووپای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەكات
نوێنەری ئەورووپای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەكات

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز


ئەمڕۆ سێشەممە د. دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و بەرپرسی دیسکی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کۆبووەوە.


لە سەردانێکی فەرمی بۆ هۆڵەندا، د. دلاوەر خالید ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندای کرد و لەلایەن باڵیۆز ئان لوێما جێگری بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و سیمۆنێ بەرپراسی بەرپرسی دیسکی عێراق لە وەزارەتەكە کۆبووەوە.


لەمبارەیەوە ‏د. دلاوەر ئاژگەیی لە هەژماری خۆیدا لە (فەیسبووك) نووسیویەتی كە بە تێروتەسەلی باسیان لە بارودۆخی سیاسی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کردووە، دیدی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر کۆی ڕووداوەکان ڕوون کردووەتەوە، یەکێک لە گرینگترین پرسە تاوتوێکراوەکانیش مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش بوو لە بەشە جیاجیاکانی عێراق و ناوچەکە بە گشتی.


‏هەر لە کۆبوونەوەکەدا سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو کوردستانێکی بەهێزتر خستووەتەڕوو، تیشکیشی خستووەتە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم لە پێناو چاکسازی و ڕیفۆرم و گەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان.


هەروەها بە وردی باسی لەو هەنگاو و دیدارانە کردووە کە نوێنەرایەتی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ زانکۆکانی هۆڵەندا ئەنجامی داوە لە پێناو دروستکردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان زانکۆکانی هۆڵەندا و هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتیش سیاسەتی حکوومەت بۆ گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ. بۆ ئەم مەبەستەش داوای لە حکوومەتی هۆڵەندا کرد پشتگیری لە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بکات بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی تایبەت لە لایەن زانکۆکانی هۆڵەندا لە بواری کشتوکاڵی پێشکەوتوو و بەرزکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی و پیشەسازی، هەروەها ئاسانکاری زیاتر بۆ پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی هەرێم.


‏پرسی هاتنی پەنابەرانیش بەشێکی تری گفتوگۆی دانیشتنەکە بوو، کە تیایدا نوێنەری حکوومەتی هەرێم باسی لە هاتنی شەپۆڵێکی تری پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان کرد، داوای هاوکاری و پشتگیری حکوومەتی هۆڵەندای کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێم بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاوکاری پێشکەش بە پەنابەران بکات.


‏لە لای خۆیەوە، باڵیۆز ئان لوێما هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەو ڕاستیە کرد کە لە ئێستادا پەیوەندیەکانی نێوان هۆڵەندا و هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی باش تێپەردەبن و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری و پشتگیری لە بواری پێشخستنی کشتوکاڵ و مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پرۆگرامەکانی ناتۆ دووپاتکردەوە کە لە ساڵی داهاتووی ٢٠٢٠ دەستپێدەکەن. هەروها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە هۆڵەندا بریار لەسەر هاوکاریی ئابووری بۆ قوربانیانی دەستی داعش لە هەرێمی کوردستان بدات.