باوكێكی ئەفغانی لە ڕێگەی هاندانی كچەكانیەوە ناوبانگێكی گەورە پەیدا دەكات
لە وڵاتی ئەفغانستان باوكێك بە هۆی هاندانی كچەكانیەوە، ناوبانگێكی زۆر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پەیدا دەكات و دەستخۆشی لێ دەكرێت.
ڕێكخراوێكی سویدی لە ئەفغانستان بابەتێكیان لە هەژماری فەیسبووكی خۆیاندا لەسەر ئەو باوكە ئەفغانیە بڵاو كردووەتەوە و نووسیویانە هەموو ڕوژێك باوكێكی ئەفغانی بە ناوی میا خان نزیكەی 12 كیلۆمەتر ڕێگە دەبڕێ، تەنها بۆ ئەوەی 3 كچەكانی بباتە قوتابخانە و دواتر چاوەڕێیان دەكات تا تەواو دەبن و دەیانباتەوە ماڵەوە.
میا خان سەبارەت بەم هەڵوێستەی دەڵێ من كەسێكی نەخوێندەوارم، بەڵام سوورم لەسەر ئەوەی كچەكانم خوێندن تەواو بكەن. دەشڵێ لە ناوچەكەی ئێمە هیچ پزیشكێكی لێ نیە و بەڵكو لە ڕێگەی ئەو هاندانەمەوە، یەكێك لە كچەكانم ببێتە پزیشك، خزمەتی هەژاران بكات.
دوای بڵاوكردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن ئەو ڕێكخراوە سویدییەوە، دەستخۆشیەكی زۆر بۆ ئەو باوكە ئەفغانیە هاتووە و بابەتەكە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبووە لە ئەفغانستان، چونكە لەم وڵاتەدا تا ئێستەش خوێندن بۆ كچان ئەستەمە.