جوگرافیا و مێژوویه‌كی كڵۆڵ
به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و دوێنێ گوزه‌را و ده‌گوزه‌رێت، كورد گیرۆده‌ی دوو شته، یه‌كه‌م جوگرافیا، دووه‌م مێژوو. سه‌باره‌ت به جوگرافیا، چه‌ند لق و ره‌گوڕیشه‌یه‌كی لێ ده‌بێته‌وه، به‌وه‌ی كه لقه‌كان له رواڵه‌ت و هه‌ناوی ئه‌و جوگرافیایه‌دان، ریشه‌كانیش له‌نێو كرده‌ی سروشت، یان فاكته‌ری یاخیبووندان.
به‌ر له ماوه‌یه‌ك ئه‌ردۆغان به ئاوازێك قسه‌ی كرد، كه هه‌ستی ره‌گه‌زپه‌رستی، به تایبه‌تی دژ به عه‌ره‌ب ده‌وروژێنێت، ئه‌و گوتی، ئه‌و ناوچه‌یه (مه‌به‌ست ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه‌وتووه‌ته نێوان گرێ سپی و سه‌رێكانی) له‌گه‌ڵ كورددا ناگونجێت، چونكه بیابانه، به‌ڵكوو بۆ عه‌ره‌ب گونجاوه، كورد له ناوچه‌ی شاخاویدا ده‌ژین.
سه‌باره‌ت به مێژووش، ئه‌وه شۆڕش و یاخیبوون و راپه‌ڕین و ره‌تكردنه‌وه له لایه‌ن كورد له‌ئارادا بووه، ئه‌مانه‌ش كرده‌وه‌گه‌لێكن، كه به‌سه‌ر رواڵه‌تی ژیانیشدا زاڵن، ئه‌مه‌ش كرۆكی باسه‌كه‌مانه.
هه‌ر كه سه‌رده‌می هه‌ست و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌ستی پێ كرد، ئیدی جیهان كه‌وته بیركردنه‌وه و پلان دانان، كه چۆن له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م ئازادیی ئێمه دابنێت، واته به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی ئێمه.
وا باوه، له شۆڕشدا هه‌م دۆست په‌یدا ده‌كه‌یت و هه‌م دوژمنیشت بۆ دروست ده‌بێت، له دۆخی كورددا دۆستەکانمان له كاتی پێویستدا خۆیان لێمان ده‌شارنه‌وه، گه‌لێك جاریش پیلانمان لەدژدا ده‌گێڕن، ئاخۆ كێشه‌كه له ئێمه‌دایه یان له دۆستەکانمان؟
له دۆخی ئێمه‌ی كورددا واقیعێك هه‌یه، كه جوگرافیاكه‌مان دڕی پێ نادرێت، مێژووه‌كه‌شمان ته‌ژییه له په‌ند و وانه.
هێنده‌ش نابات، ئێمه له هه‌ردوو بواره‌كه‌دا شكست ده‌خۆین، سه‌رمان له‌وه ده‌رناچێت، كه سوود له هه‌ردوو فاكته‌ره‌كه وه‌ربگرین، له‌وه‌شدا شكست ده‌خۆین، كه ئایینده‌یه‌كی ئارام و شایسته بۆ خه‌ڵكی خۆمان دابین بكه‌ین.
په‌یوه‌ست به‌م باسه، جارێكیان كه‌سێكی خه‌ڵكی گونده‌واری كۆبانێ، سكاڵای له چاره‌نووسی خۆی كرد و گوتی: خودایه منت له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروست كرد، له‌و رۆژهه‌ڵاته‌شدا سووریات كرد به نسیبم، له‌نێو گه‌لانی سووریاش منت به كورد دروست كرد، له‌نێو كوردیشدا له كۆبانێ... ناوچه‌یه‌ك كه گه‌لانی جیاجیا ده‌وریان داوه و جوگرافیایه‌كیش، كه خه‌ڵكی نیشته‌جێی به‌ئاسانی راو ده‌كرێن.
ئه‌مڕۆ به دوێنێ ده‌چێت، به واتای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روو ده‌دات، تا راده‌یه‌كی زۆر به‌وه ده‌چێت، كه سه‌د ساڵ به‌ر له ئێستا رووی داوە، واته دروست له‌و كاته‌دا، كه فه‌ره‌نسی له دانوستاندندا بوون له‌گه‌ڵ تورك له‌باره‌ی (پاشماوه‌ی پیاوه نه‌خۆشه‌كه)، هه‌روه‌ها چۆن ئه‌و دانوستاندنه جوگرافیایه‌كی هێنایه به‌رهه‌م، كه له ئاست خه‌ڵكه كورده سه‌رگه‌ردانه‌كه له گوێزان تیژتر و مۆله‌ق ده‌هاته پێش چاو، سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، به دوورگه‌ی جوگرافی بارگران كراوه، كه جاری وا هه‌یه هه‌ندێك دانیشتووانی عه‌ره‌بی لێیه و هه‌ندێك جاریش توركمان، ئه‌گه‌رچی به قه‌باره‌ی كه‌متر.
پێشمان سه‌یر نییه، كه لۆژیكی كاروبار وا راڤه ده‌كرێت، به‌وه‌ی فه‌ره‌نسی ئه‌م رووبه‌ره سه‌رگه‌دانه‌یان له (پیاوه نه‌خۆش و به‌زیوه‌كه) ده‌ست كه‌وت، له‌دوای ئه‌و شه‌ڕه‌ی له دژی به‌رپا كرا، ئاخۆ ره‌وش له‌گه‌ڵ توركیای ئێستا چۆن ده‌بێت كه هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته بن باری گوشاری ده‌وڵه‌تێكه‌وه، ده‌موده‌ست (فریادڕه‌س)ی له ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌وه بۆ دێت.
كورد له‌و ململانێیانه‌ی سه‌ر سنوور جوگرافیایه‌كیان بۆ دروست بوو، كه زه‌حمه‌ته ستراتیژێكی بۆ دابڕێژرێت، سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی زه‌مانه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌و جوگرافیایه‌ی كه فه‌ره‌نسی له كاتی واژۆكردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا، پێگیری بوون و شانازییان به سه‌ركه‌وتنی خۆیان ده‌كرد، ئه‌مڕۆ بووه‌ته هۆی نه‌مانی نه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ زه‌وتكردنی خاكه‌كه‌ی له لایه‌ن رۆڵه‌كانی (پیاوه نه‌خۆشه‌كه)وە، ئه‌مه به‌دڵنیاییه‌وه كڵۆڵیی جوگرافیایه، به‌ڵام كڵۆڵیی مێژووش هه‌یه كه وه‌ك پێویست نه‌مانخوێندووه‌ته‌وه.
وتاره‌كه له دوو رسته‌دا:
مێژوو، هه‌ر مێژوویه‌ك له هه‌ناوی جوگرافیا نه‌خشه‌ڕێژ ده‌كرێت، واته جوگرافیا منداڵدانی نه‌ته‌وه‌یه، گه‌لیش پزدانیه‌تی.