هەواڵی کوردستان ئێستا

موقتەدا سەدر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە هۆشداری دەداتە پەرلەمانی عێراق

موقتەدا سەدر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە هۆشداری دەداتە پەرلەمانی عێراق
موقتەدا سەدر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە هۆشداری دەداتە پەرلەمانی عێراق

2019-12-10 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

تاكلایەنە مەرجەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلا كردووەتەوە


ئەمشەوی سێشەممە موقتەدا سەدر سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەلسائیرون و ڕێبەری سەدریەكانی عێراق هۆشداری دا پەرلەمانی عێراق و رایگەیاند كە سبەینێ ڕۆژی خۆیەكلاكردنەوەیە و بەرپرسیار دەبن بەرانبەر خودا و گەل.


پێش كەمێك لە میدیاكانی عێراقەوە بەیاننامەیەك بە ناوی موقتەدا سەدر بڵاوكرایەوە، تیایدا سەدر لەبارەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هۆشداری داوەتە پەرلەمان و رایگەیاندووە "ئێوە سبەی لەژێر تاقیكردنەوەدا دەبن، بەرپرسیارن بەرانبەر بە خودا و گەل لەوەی دەنگ بە بەرژەوەندیی گەل بدەن، بۆیە چەند پێشنیازێكتان بۆ دەخەمەڕوو".


موقتەدا سەدر پێشنیازی بۆ پەرلەمان كردووە كە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان بە شێوەی فرە بازنەیی و كاندیدكردنی تاكەكەسی بێت بە ڕێژەی 100٪ بۆ هەر پارێزگایەك، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوان.


سەدر كە فراكسیۆنەكەی خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانی عێراقە، ئامۆژگاری پەرلەمانی كردووە بەوەی دەنگدانی هاووڵاتیانی دەرەوەی عێراق بە یەكجاری بسڕێتەوە، یان ئەوانەی لە دەرەوەن بێنەوە عێراق بۆ دەنگدان بە هەڵبژاردنی پەرلەمان، هەروەها ڕێوشوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنیەكان توند بكرێت.


لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیشەوە، پێشنیازی كردووە هەر پارێزگایەك تەنها 3 كەس هەڵبژێرن، پارێزگار، جێگری پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەو سێ كەسە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجوومەنی پارێزگا پێكبێنن.


سەدر لە كۆتاییدا هەڕەشەیەكی توندی لە پەرلەمانی عێراق كردووە و نووسیویەتی ئەگەر وا نەكەن، گەلی عێراق قسەی خۆی دەبێت.