رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیان، ڕێزلێنان ده‌به‌خشێته 1357 خانمی تازه باڵاپۆش
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
به مه‌به‌ستی پاراستنی ڕه‌سه‌نایه‌تی كوردهواری و ڕێزگرتن له پره‌نسیپه باڵاكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستان وه‌كو نه‌ریتی ساڵانه‌ی خۆی، حهوتهمین ڤیستیڤاڵی تاجی زێڕین له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا جێبه‌جێ ده‌كات.
تاجی زێڕین پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی ڕێكخراوی گه‌شه‌پێدانی قوتابیانی كوردستانه و ساڵانه له زۆرێك له شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێده‌كرێت، بڕیاره رۆژی هه‌ینی ڕێكه‌وتی 12/2/2021 ڕێزلێنان ببه‌خشرێت به 1357 خانمی تازه‌باڵاپۆش له پارێزگاكه و ده‌وروبه‌ری، ئامانج له‌م پرۆژه‌یه پاراستنی بیر و سیمای په‌سه‌ندیده‌ی ئیسلامییه له هزر و سلوكی كچاندا و ئاشناكردنیانه به چه‌مكی باڵاپۆشی و خۆویستانه جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانه خواییه.
جگه له ئاهه‌نگی قه‌شه‌نگی ساڵانه، ده‌یان سیمینار و دیبه‌یت و به‌رنامه‌ی جۆراوجۆر جێبه‌جێده‌كرێت و هه‌زاران په‌رتووك و نووسراوی تایبه‌ت به بواره‌كه له زانكۆ و په‌یمانگه و ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌به‌خشرێته هۆگرانی ئه‌و پرۆژه‌یه.
شیاوی باسه تاجی زێرین به شێوه‌ی ئاهه‌نگی به‌رفراوان هه‌رساڵه و له پارێزگایه‌كی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بڕیاره ساڵی ئاینده به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له پارێزگای دهۆكی ڕه‌نگیندا جێبه‌جێ بكرێت.