هەواڵی کوردستان ئێستا

حەلبوسی: تا خەمی دیکە بۆ خۆمان زیاد نەکەین، لێبڕینی موچەمان ھەڵوەشاندەوە

حەلبوسی: تا خەمی دیکە بۆ خۆمان زیاد نەکەین، لێبڕینی موچەمان ھەڵوەشاندەوە
حەلبوسی: تا خەمی دیکە بۆ خۆمان زیاد نەکەین، لێبڕینی موچەمان ھەڵوەشاندەوە

2021-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی رایگەیاند کە تیرۆر و گەندەڵیی، پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتییان، دواخستووە.

محەمەد حەلبوسی لە گوتارێکدا باسی لەوەکردووە کە بەھۆی ھێرشە تیرۆریستییەکان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی، ھێشتا دەستکەوتی زۆر ماوە بەدەستی بھێنن و گوتی: "بەھۆی ھێرشە تیرۆریستییەکان و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی، جێبەجێکردنی پڕۆژەی بنیانتانەوەی دەوڵەت دواخراوە".

گوتیشی: "ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە، پڕۆژەی چاکسازیی جێبەجێ بکرێت و تیرۆر و گەندەڵییش ریشەکێش بکرێن و شکۆی دەوڵەت بەدی بھێندرێت و ھەڵگرتنی چەکیش لە دەرەوەی یاسا کۆنترۆڵ بکرێت، بۆ ئەوەی ئاسایشی ھاووڵاتییان دەستەبەر بکرێت و دەست وەرنەدرێتە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بە گرنگی زانیی کە تەنھا چەک لە دەستی ھێزەکانی دەوڵەتدا بێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتی: "بەو رێگایە توانای ھێزەکانی سوپا و پۆلیس، پتەوتر دەبێت".

حەلبوسی باسی لەوەشکرد، ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت کە قۆناغێکی نوێ لە عێراق دادەمەزرێنێت و گوتی: "ئەم رۆژانەی کە تێدەپەڕن، رۆژانی مێژوویین لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا".

سەبارەت بە رەوشی ئابووریشی لە عێراق، ئەوا محەمەد حەلبوسی گوتی: "ئەمڕۆ لە بەردەم رەوشێکی سەختی ئابووریدان کە ھەڕەشەی بۆسەر گەشەپێدان و قوتی ھاووڵاتییان لە عێراق دروستکردووە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی: "تا خەمی دیکە بۆ خۆمان زیاد نەکەین، لێبرینی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتمان ھەڵوەشاندەوە".

لە کۆتایی قسەکانیدا محەمەد حەلبوسی گوتی: "بەم زووانە ئەنجوومەنی نوێنەران، وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر بوودجەی گشتیی ٢٠٢١ و ھەموارکردنەوەی پڕۆژەیاسای دادگای فیدرالی دیاری دەکات".