هەواڵی کوردستان ئێستا

بە قیستی درێژخایەن،٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت

بە قیستی درێژخایەن،٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت
بە قیستی درێژخایەن،٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت

2021-02-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە لەچوارچێوەی ھەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، فرۆشتنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە باشووری رۆژھەڵاتی بەغدا پایتەخت بە قیستی درێژخایەن، دەخاتەڕوو.

لەمبارەیەوە سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی نیشتمانیی عێراق، سوھا نەجار لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوایکردووە، فرۆشتنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بسمایە باشووری رۆژھەڵاتی بەغدا، بە قیستی درێژخایەن رابگەیەندرێت، ئەوەیش بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوونی ھاووڵاتییان.

سوھا نەجار گوتیشی: "ئەو ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبوونە بە قیستی درێژخایەن دەرفرۆشرێن کە ھاووڵاتییان دەتوانن بە وەرگرتنی قەرز لە بانکەکاندا، بیانکڕن".

راشیگەیاند کە بانکەکانی رافیدەین، رەشید و (TBI) دەستپێشخەریان کردووە بۆ ئەوەی لەرێگای نووسینگەی دەستەی وەبەرھێنانی نیشتمانیی لە عێراق قەرز بدان بە ھاووڵاتییان تا بتوانن لەو ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبوونە لە کۆمەڵکەی نیشتەجێبوونی بسمایە بکڕن و گوتی: "ئەو ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبوونە لە میانی ئەمساڵ و ساڵی داھاتوو، رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن".

کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بسمایە باشووری رۆژھەڵاتی بەغدا، ١٠٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆدەگرێت کە لەو ژمارەیە ٣٥ ھەزاریان تەواو کراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە میانی ساڵانی داھاتوویشدا، ٦٥ ھەزارەکەی دیکە تەواو بکرێن.

عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا، گرێبەستێکی بە ئامانجی دروستکردنی ١٠٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی بسمایە بە گوژمەی حەوت ملیار دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای "ھانوا"ی کۆریای باشوور واژووکردبوو.