هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمریکا.. دۆناڵد ترەمپ لە ھاندان بۆ یاخیبوون بێ تاوان دەرچوو

ئەمریکا.. دۆناڵد ترەمپ لە ھاندان بۆ یاخیبوون بێ تاوان دەرچوو
ئەمریکا.. دۆناڵد ترەمپ لە ھاندان بۆ یاخیبوون بێ تاوان دەرچوو

2021-02-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی لە دۆسیەی ھاندان بۆ یاخبوون لە رووداوەکانی شەشی مانگی رابردوودا، بێ تاوان ناساند.

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی پیراندا، پرسی تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپ، تۆمەتی ھاندان بۆ یاخیبوون لە رووداوەکانی شەشی مانگی رابردوودا خرایە دەنگدانەوە کە لە میانیدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان دۆناڵد ترەمپ بێ تاوان دەرچوو، وێرای ئەوەی حەوت ئەندامی کۆماریی لەگەڵ دادگاییکردنی ترەمپدا بوون.

ھەر یەک لە ریچارد بور، بێل کاسیدی، سوزن کولێنر، لیزا مۆرکۆڤسکی، میت رۆمنی، بێن ساسی و پات تۆمی ئەو حەوت ئەندامانەی پارتی کۆماریی بوون کە دەنگیاندا بۆ دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ.

بەڵام بۆ دووەمجار سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە دۆسیەی ھاندان بۆ یاخیبوون لە رووداوەکانی شەشی مانگی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە بە بێ تاوان ناسێنراوە و بەوشێوەیەش کۆتایی بە دووەم ھەوڵی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ ھات.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کە لە 100 ئەندام پێکدێت، بۆ لێپرسینەوە و دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانەکان ھەبوو.

دەنگدانەکە لە دانیشتنی کۆتایی دادگاییکردنی دۆناڵد ترەمپ ھات کە ماوەی پێنج رۆژ لە ئەنجوومەنی پیران بەردەوامبوو.

دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە دووجار لە کۆنگرێس دادگایی دەکرێت، ھەروەھا یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە دەرەوەی دەسەڵات دادگایی دەکرێت، جگە لەوەیش یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە دووجار لە دادگاییکردن، بێ تاوان دەردەچێت.

لە پێشھاتێکی مەترسیداری سیاسەتی ئەمریکا لە شەشی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ ھەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس، بەڵام لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رێگریان لێکرا کە دواتر پێکھەڵپژان لەنێوان ھەردوولادا روویدا و بەھۆیەوە پێنج کەس کوژران کە یەکێکیان ئەفسەری پۆلیس بوو و 52 کەس لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ دەستگیرکران.