ئاستەنگەكانی بەردەم عەلاوی
محەمەد عەلی وەلی
عه‌لاوی بارودۆخى له ناو خه‌ڵك و په‌رله‌مان و نێوده‌وڵه‌تیش له عادل عه‌بدولمه‌هدى باشتر نابێت، چونكه كه‌متریش پشتگیرى هه‌یه، زۆر تریش كێشه‌ى كهڵكهبووى له‌به‌رده‌ستایه، بووەتە میراتگری ئەو ھەموو كەموكوڕی و گەندەڵییەی پێش خۆی، بۆیە زۆرینەی گەورەی خەڵكی عێراق بەگشتی خەڵكی توڕەی خۆپیشاندەران رەتیدەكەنەوە، دەكرێت خەڵكی خۆپیشاندەران بە نەیارەكانی عەلاوی لەقەڵەم بدەین، بەڵام سەرۆك وەزیران، بەربەست و ئاستەنگی دۆستەكانی چاوەڕێی دەكەن.
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، له‌ناو په‌رله‌ماندا ره‌نگه ده‌نگى بده‌نێ و تێپه‌ڕێت، چونكه به‌ده‌ر له‌وه‌ى سائیرون و فه‌تح له‌سه‌ر رێككه‌وتوون ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، به‌پێى قسه‌ى محمد الخالدى سه‌رۆكى فراكسیۆنى «بیارق الخیر» زیاتر 120 تا 160 په‌رله‌مانتار لە ھەموو فراكسیۆنە جیاوازەكان ئیمزایان بۆ كۆكردۆته‌وه ببێته سه‌رۆك و هه‌ر له‌سه‌ر داواى ئه‌وانیش گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ عێراق..
سەرباری ئەوەی ھەندێك قەوارە و فراكسیۆنە شیعەكانی ئێستا سەرنج و رەخنەیان ھەیە، بگرە ھەندێكیشیان توڕە ونیگەرانن كەلە كاندید كردنیدا پرسی پێنەكراوە، بەڵام ھێشتا عه‌لاوی رووبه‌ڕووى گێچەڵی زۆری لایەنەكان نەبووەتەوە، ئاسته‌نگ و گێچەڵی زۆر ئەو كاتە دێنە بەردەم سەرۆك وەزیران، كاتێك دەست بۆ دانانی وەزیرەكان و بەرپرسانی كابینەكەی دەبات، چونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان داواى به‌ش و ئیستحقاقى خۆیان ئه‌كه‌ن، كه‌سیش ده‌ست لە بەشی خۆی لە حكومەت ھەڵناگرێت، بۆیه رازیكردنى هێزه سیاسییه‌كان و بهدیهنانى پێوه‌رى پیشه‌یى بوون و نه‌زاهه‌ت و سه‌ربه‌خۆیى به‌یه‌كه‌وه ناگونجێن..
سەرۆك وەزیرانی ئایندەی عێراق ناتوانێت ھیوا و داوای خەڵكی ناڕازی بێنێتەدی، چونكە ھێزێكی ئەوتۆی لە پشت نییە، بتوانێت ھەموو بەبەستەكان راماڵێت، ھەموو گەندڵكاران نەك بخاتە نەك زیندان، بەڵكو بیانكاتەوە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەوڵەت وحوكمداری، ئەوە لەلایەك، لەلایەكی تریش، خەلەلی حوكمداری و دەسەڵات لە عێراق و گەندڵییەكان، بەشێكی كەمی وەزیر و دارودەستەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەیكەن، بەشی ھەرە زۆری گەندەڵی و كەموكوڕی حوكمداری و دەسەڵات، لە جومگەكانی خوارەوەی ئەنجومەنی وەزیران دەیكەن، كە بەشێوەیەك ریشەیان داكوتاوە، نەك بۆ حكومەتێكی كاتی كە تەمەنی لە ساڵ و نیوێك تێناپەڕێت، بەڵكو بە حكومەت و سەرۆك وەزیرانێك كە خولێك و دەانیش تەمەن بكات ریشەكێش ناكرێت.
بەربەستێكی گەورەی عەلاوی ئەوەیە، له‌ناو هه‌موو ده‌سته و وه‌زاره‌ت و پارێزگا و دامه‌زراوه‌یه‌كدا، مهكاتبى ئابوورى ئه‌حزاب هه‌ن، ئه‌وانه بوونه‌ته خۆره‌ى ئه‌م وڵات و حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقیش، حزبه‌كان رێگه ناده‌ن ئه‌و ئۆفیسانه نه‌مێنن، تا ئه‌وانه‌ش هه‌بن، حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو نابێت..
دۆسیەیەكی تری بەردەم كابینەكەی نوێی عێراق، پرسی ھێوركردنەوە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێردەستی تیرۆرستانی داعشە، زۆرینەی ھەرە زۆری نفوزی ھێزە سوننەكانە، ھێزە سوننەكانە پێش ئەنجامدانی ھەر ھەڵبژاردنێك، بگرە ھەموو كات و لە دانوستانێكدا یەكێكە لە خاڵە بنەڕەتییەكانی داواكارییەكانیان، چارەسەری ئەو دۆسیەیەش نەك بە عادل عەبدولمەھدی، بەڵكو بە حەیدەر عەبادی كە خۆی بە خاوەنی ئازادكردنی ئەو ناوچانە و لەناو بردنی داعش دەزانێت نەكرا، ھێور و ئاوەدان نەكردنەوەی ئەو ناوچانەش، واتە رازی نەبوونی ھێزە سوننەكانە، ئەوەش واتە دروستبوونی بەربەستی گەورە بۆ یاسا و پرۆسەی ھەڵبژاردنێكی پێشوەخت كە سەرەكی ترین كاری عەلاوییە.