هەواڵی کوردستان ئێستا

واده‌ی خستنه‌ ده‌نگدانی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

واده‌ی خستنه‌ ده‌نگدانی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق ئاشكرا ده‌كرێت
واده‌ی خستنه‌ ده‌نگدانی پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق ئاشكرا ده‌كرێت

2021-02-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەیسەم جبوری رایگەیاند کە کۆتایی ئەم ھەفتەیە، پڕۆژەیاسای بوودجە دەخرێتە دەنگدانەوە.

ھەیسەم جبوری لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کارەکانی لیژنەکەیان بۆ داڕشتنەوەی بوودجەی ٢٠٢١ تەواوکراوە دوای ئەوەی لە ١٠ی مانگی رابردوودا، رادەستیانکرابوو و ھاتووە:"تا ئێستا ٤٦ کۆبوونەوەمان بە میوانداری سەرۆکوەزیران، بەڕێوەبەرانی گشتیی، پارێزگاکان، سەرۆکانی دەستەکان، سەندیکا و شارەزایانی ئابووریی بە ئامانجی گفتوگۆکردن و ھەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ سازکردووە، ئەوەیش لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ ئەوەی بوودجەکە، رەھەندێکی ئابووریی ھەبێت و پلانی گەشەپێدان و ئەنجامدانی چاکسازیی راستەقینە لەخۆبگرێت".

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەیسەم جبوری ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە لە میانی گفتوگۆ و ھەڵسەنگاندنەکاندا، لیژنەکەیان کورتھێنانی دارایی لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا لە ٧٧ تریلیۆن دینارەوە بۆ ٢٦ تریلیۆن دینار کەمکردووەتەوە، خەرجی گشتییشی کەمکردووەتەوە و بوودجەی وەبەرھێنانی لە ١٦ لەسەدا بۆ ٢٤ لەسەدا بەرزکردووەتەوە.

ھەیسەم جبوری راشیگەیاندووە کە لیژنەکەیان بوودجەی بۆ تەواوکردنی پڕۆژە کەڵەکەبووەکان لە پارێزگاکان تەرخانکردووە و ٤٠٠ ملیار دیناریان بۆ بنیاتنانی بەندەری فاو تەرخانکردووە، ھەروەھا بوودجەی پترۆدۆلاریان بۆ ئەو پارێزگایانەی کە نەوتی لێ بەرھەم دەھێندرێت زیادکردووە، ھەروەھا لیژنەکەیان بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکانیشی زیادکردووە و بوودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ و دەروازەکانی بەغدای پایتەخت و جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاو لە بەسرە، تەرخانکردووە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەیسەم جبوری سەبارەت بە دۆسیەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لیژنەی دارایی ئەو دۆسیەی بەشێوەیەکی ھونەریی و پیشەیی دوور لە لایەنی سیاسیی چارەسەر کردووە و گوتی:"بۆ یەکەمجار کۆبوونەوەمان لەگەڵ دیوانەکانی چاودێری دارایی فیدراڵ و ھەرێم ئەنجامداوە، ھەروەھا سەرجەم داتاکانمان ھەڵسەنگاندووە، جگە لەوەیش بۆ زیاتر لە جارێک، میوانداری وەزیری نەوتمان کردووە و توانیومانە ژمارەیەک بژاردە دابنێن کە مافی گەلانی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستەبەر دەکات و جێگەی رەزامەندی ھەردوولا بێت".

ھەیسەم جبوری ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە میانی دوو رۆژی داھاتوودا، دۆسیەکە یەکلایی دەکرێتەوە و لە کۆتایی ئەم ھەفتەیشدا، پڕۆژەیاسای بوودجە دەخرێتە دەنگدانەوە.