هەواڵی کوردستان ئێستا

شاندێکی باڵای ئەمنیی عیراق سەردانی کەرکووک ده‌كه‌ن

شاندێکی باڵای ئەمنیی عیراق سەردانی کەرکووک ده‌كه‌ن
شاندێکی باڵای ئەمنیی عیراق سەردانی کەرکووک ده‌كه‌ن

2021-02-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بەمەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک، گەیشتە پارێزگاکە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری بە یاوەری شاندێکی باڵای ئەمنیی گەیشتوونەتە بارەگای لیوای 20 سەربە فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵ لە قەزای داقووق باشووری پارێزگای کەرکووک.

بەپێی راگەیەنراوەکە، شاندەکە بە ئامانجی ئاگاداربوون لە رەوشی ئەمنی، ھەروەھا ئەو رێوشوێنانەی کە بە ئامانجی پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیری پارێزگای کەرکووک گیراونەتەبەر، سەردانی پارێزگاکەی کردووە.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، فەریق روکن عەبدولئەمیر شممەری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئامانجی سەردانەکەیان بۆ پارێزگای کەرکووک خستەڕوو و گوتی:

"سەردانەکەمان بۆ کەرکووک ئامانجی لێی بەسەرکردنەوەی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرالە لە باشووری کەرکووک و بەدواداچوونە بۆ ئەو رێوشوێنانەی کە لەلایەن ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانەوە لە پارێزگاکە بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش گیراونەتەبەر".

گوتیشی: "لە چوارچێوەی سەردانەکەماندا بۆ پارێزگای کەرکووک، تەنھا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی ھێزە ئەمنییەکان کۆدەبینەوە".