لهبارهی ڤایرۆسی نوێى كۆرۆنا، وهزیرى تهندروستى روونكردنهوه دهدات
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە زنجیرەی نوێی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەکراوە.
سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەرەتا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە بەرپرسی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO لە عێراق سەربە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەحمەد زویتن کرد و باسی لە ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە کرد کە هەردوولایەن ئەنجامیان داوە و گوتی: "رەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەبارەی پرسی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و پێشنیازەکان و چۆننیەتی هاوکاری ئەو رێکخراوە بۆ هەرێمی کوردستانمان خستە روو".
بەرپرسی نوێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێراق سەربە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەحمەد زویتن بۆ یەکەمین جار دوای دەستبەکاربوونی سەردانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە داوایان کردووە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دابینکردنی ڤاکسێنی کۆرۆنا بۆ هەێمی کوردستان زیاتر بێت و رەوشی هەرێمی کوردستان و بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.
سامان بەرزنجی گوتیشی: "زۆر بەوردی چاودێری زنجیرەی نوێی کۆرۆنا دەکەین و لە تواناماندا هەیە بۆ پشکنین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەماهەنگیمان هەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان باسی لە بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی هەولێر کرد و گوتی: "سێ بریندار رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراون، دوویان دۆخی تەندروستییان باشە، بەڵام یەک حاڵەتیان دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو و لەژێر چاودیری چڕدایە".
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە تا ئیستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بەو ڤایرۆسە لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە و چەند جارێک پشکنینەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە داوەتە تەندروستی جیهانی و ئەگەر دۆخی هەرێمی کوردستان بگاتە ئەو قۆناغەی کە هەست بە مەترسی بکرێت، رێکاری نوێ دەگرنە بەر.
سامان بەرزنجی گوتیشی: "کرانەوەی قوتابخانەکان هۆکار نین بۆ هەڵکشانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڵکشانی ڤایرۆسەکە لە هەموو عێراق دەبیندرێت".