سیوەیلی : وڵاتان وه‌كو ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیر ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن
هه‌ولێر -KDP.info- به‌رپرسی مه‌كته‌بی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هه‌رێمی كوردستان له ڕووی دیپلۆماسییەوە هه‌نگاوی زۆر باشی ناوه و به جۆرێك پێگه‌ی به‌هێز بووه وڵاتان وه‌كو ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیر ته‌ماشای ده‌كه‌ن و گرنگیی زۆری پێ ده‌ده‌ده‌ن، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
هۆشیار سیوەیلی، به‌رپرسی مه‌كته‌بی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ڕووی دیبلۆماسییه‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان و ده‌وروبه‌ریش له ئاستێكی زۆر به‌رزدایه، به‌تایبه‌تیش بەهۆی ئەو ڕووداوانەوە کە ئێستا له عێراقدا ڕوو ده‌ده‌ن و خۆپێشاندان به‌رده‌وامه و حكوومه‌تی عێراق كاربه‌ڕێكه‌ره، هه‌رێمی كوردستان وه‌كو ناوچه‌یه‌كی ئارام و سه‌قامگیر له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه زیاتر گرنگیی پێ ده‌درێت."
هۆشیار سیوه‌یلی گوتیشی: "نموونه‌ی گرنگیدانی وڵاتانی ده‌ره‌وه به هه‌رێمی كوردستان زۆره، له‌وانه دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگره‌ی داڤۆس، كه كاردانه‌وه‌ی زۆری هه‌بوو و بووه وه‌رچه‌رخانێكی مێژووی دیبلۆماسیی هه‌رێمی كوردستان."
سیوه‌یلی زیاتری ڕوون کردەوە و گوتی: "سه‌ردانی سه‌ركرده‌ی وڵاتان بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕۆژ به ڕۆژ له زیادبووندایه و به‌رده‌وام سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی گرنگی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و جیهانیش هه‌یه، هه‌ربۆیه هه‌موو وڵاتان كه دێن بۆ عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌كه‌ن و به گرنگیشەوە له هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانن."
بڵند ئیبراهیم