هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆكی هەرێم ڕاگەیندراوێكی لەبارەی سزادراوانی بادینیان بڵاوكردەوە

سەرۆكی هەرێم ڕاگەیندراوێكی لەبارەی سزادراوانی بادینیان بڵاوكردەوە
سەرۆكی هەرێم ڕاگەیندراوێكی لەبارەی سزادراوانی بادینیان بڵاوكردەوە

2021-02-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیای سپێدە


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سزادانی پێنج راگیراو لە هەولێر رایگەیاند، ئەوە دوا بڕیار نییە، بەپێی یاساش مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن. "چاودێريی ئەو پرسە دەکەین،


نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر 5 (پێنج) چالاكوان و رۆژنامه‌نوسی بادینان راشیگه‌یاندووە، جه‌خت له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ڕێزگرتن له‌ سه‌ربه‌خۆییی بڕیاری دادگا و له‌ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و هیچ لایه‌ن و كه‌سێك مافی ده‌ستوه‌ردانیان له‌ كاروباری دادگادا نییه‌.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئەوەش هاتووە، ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چه‌ند ڕاگیراوێك نیگه‌رانی دروستكردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ دوا بڕیار نییه‌، به‌پێی یاسا، مافی سزادراوانه‌ تانه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ بده‌ن، دادگای پێداچونه‌وه‌ش ئه‌ركیه‌تی به‌ پشتبه‌ستن و ڕێزگرتن له‌ یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ و مافی یاساییی سكاڵالێكراو و سكاڵاكار، به‌ كه‌یسه‌كه‌دا بچێته‌وه‌ تا هه‌موان هه‌ست بكه‌ن وه‌ك یه‌ك مافیان پارێزراوه‌.


وتیشی، "لای خۆمانه‌وه‌ چاودێریی ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین، جه‌خت له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و ڕێزگرتن له‌ سه‌ربه‌خۆییی بڕیاری دادگا و له‌ پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ر بێت و هیچ لایه‌ن و كه‌سێك مافی ده‌ستوه‌ردانیان له‌ كاروباری دادگادا نییه‌".


نێچیرڤان بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "گه‌لی كوردستان هه‌رگیز پاشه‌كشه‌ له‌ ئازادی ناكات، ڕێگه‌ش نادرێت ئازادی بۆ له‌باربردنی خودی ئازادی، خراپ به‌كاربهێنرێت، پاراستن و چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی ئازادی و دیموكراسی، بریتییه‌ له‌ سه‌روه‌ریی یاسا و سه‌ربه‌خۆییی دادگا، سه‌ربه‌خۆییی دادگاش له‌ چۆنیه‌تیی كاری دادگا و دادوه‌رانه‌وه‌ ده‌بینرێت، دادگا و دادوه‌رانیش ده‌بێت شكۆی سه‌ربه‌خۆییی خۆیان له‌پێناو سه‌روه‌ریی یاسادا بپارێزن، تا شكۆی مرۆڤ و شكۆی وڵات له‌ سایه‌ی شكۆی یاسادا پارێزراو بێت".


سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ده‌شڵێت، "داوا له‌ هه‌مو لایه‌ك ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ماف و ئازادییان له‌ ڕه‌خنه‌گرتن و له‌‌ دروستكردنی فشاری مه‌ده‌نیانه‌ به‌رانبه‌ر هه‌ر بڕیارێك، كارێكی وا نه‌كه‌ن بێمتمانه‌یی به‌ دادگا و یاسا و هه‌رچی داموده‌زگایه‌ دروستبكرێت، چونكه‌ بێمتمانه‌یی به‌ سه‌روه‌ریی یاسا، واده‌كات ئیتر كه‌س له‌ سه‌ر و ژیان و كه‌رامه‌ت و ماڵ و سامان و داهاتوی خۆی، دڵنیا نه‌بێت، با ڕه‌خنه‌ و كاره‌كانمان بۆ باشتركردن و سه‌روه‌ركردنی یاسا بێت، بۆ ڕوخاندنی متمانه‌ی خه‌ڵك نه‌بێت به‌ یاسا و دادگا و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان".