هەواڵی کوردستان ئێستا

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئیسماعیل بێشكچی دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئیسماعیل بێشكچی دەكات
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە ئیسماعیل بێشكچی دەكات

2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی شەممە 30ـی 11ـی 2019 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دۆستی كورد و كۆمەڵناس و زانای ناوداری تورك، دكتۆر ئیسماعیل بێشكچی و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەندامانی وەقفی بێشكچی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی ئیسماعیل بێشكچی كرد لەمەڕ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پێزانینی هەبوو بۆ بیربۆچوون و چالاكییەكانی بۆ پشتیوانیكردنی داواكاری و مافەكانی خەڵكی كوردستان و بە دۆستێكی مەزنی گەلی كوردی وەسفكرد. هەروەها وێڕای پرسیاركردنی لە باری تەندروستی هیوای سەلامەتیی و تەمەندرێژیی بۆ خواست.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ئیسماعیل بێشكچی بیروبۆچوونی خۆی لەبارەی بارودۆخی هەنووكەیی ناوچەكە و هەڕەشە و تەحەددیاتی بەردەم گەلی كوردستان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و داوایشی كرد سەركردایەتیی سیاسیی كورد بە وردبینییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەكان بكەن.

هەر لەو دیدارەدا شیكردنەوەیەك لەبارەی بەرنامە و كار و چالاكییەكانی وەقفی بێشكچی لە هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خرایە ڕوو.