تەندروستی نەجەف: هاوڵاتیان پابهند نهبن، رەوشی تەندروستی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەجەف باشووری عێراق، رەزوان کەنەدی ھۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر ھاووڵاتییان زیاتر پابەندنەبن بە رێنماییەکانی خۆپارێزییەوە، ئەوا رەوشی تەندروستی لە پارێزگاکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
رەزوان کەنەدی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە تاقیگەکانی تەندروستیی نەجەف، دوو ھەزار و ٣٢٧ پشکنینیان بە ئامێری (PCR) تایبەت بە حاڵەتەکانی گوماناوی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو ئەنجامداوە.
گوتیشی: "کۆی گشتیی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای نەجەف، گەیشتووەتە ٢٨ ھەزار و ٧٨٣ حاڵەت و حاڵەتەکانی چاکبوونەوەیش، گەیشتووەتە ٢٣ ھەزار و ٩١٧ حاڵەت، هەروەها کۆی گشتیی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش، گەیشتووەتە ٣٣٧ حاڵەت".
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نەجەف، رەزوان کەنەدی باسی لەوەشکرد کە تا ئێستا چوار ھەزار و ٥٢٩ تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی نەجەف لەژێر چارەسەردان و ئاشکراشیکرد کە لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە نەجەف تا ئێستا، دوو ھەزار و ٦٧٣ کارمەندی تەندروستی تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
رەزوان کەنەدی ھۆشداریدا لەوەی کە ئەگەر ھاووڵاتییان زیاتر پابەندنەبن بە رێنماییەکانی خۆپارێزیی بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو، ئەوا رەوشی تەندورستی لە پارێزگاکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
ئەو داوای لە ھاووڵاتییان کرد کە ھاوکاربن و زیاتر پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستی تا بتواندرێت بڵاوبوونەوەی پەتاکە، کۆنترۆڵ بکرێت.