هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەمڕۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان دەكرێتەوە

ئەمڕۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان دەكرێتەوە
ئەمڕۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان دەكرێتەوە

2020-02-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان دەكرێتەوە و تەواوی نووسەرانی گشت شارەكانی كوردستان بەشداری یادەكە دەبن، ئەندامێكی باڵای دەستەی كارگێڕییش دەڵێت، پەنجا ساڵە یەكێتیی نووسەران بە بێ دوولەتبوون و پچڕان لە كاركردن بەردەوامە، هەر بۆیە خەڵاتی ڕێزلێنان دەدەرێت بە تەواوی سەرۆكی دەستەی نووسەران ئەوانەی لە ژیاندا ماون و، هەروەها ئەوانەش كە كۆچی دواییان كردووە، رێزلێنانەكە دەدرێتە كەسوكاریان.

ئەمڕۆ 10ـی 2ـی 2020 یادی پەنجا ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان لە هۆتیل شیراتۆن لە هەولێر دەكرێتەوە و یادەكەش لە چەند چالاكییەك پێكهاتووە و تا درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.

مەسعوود پەرێشان، ئەندامی باڵای دەستەی كارگێڕیی یەكێتیی نووسەرانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی نووسەرانی كوردستاندا، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، یادەكە دەكرێتەوە و ئەركی تەواوی چالاكییەكانمان لە ئەستۆ گرتووە، هەروەها دامەزراندنی یەكێتیی نووسەران یەكێك بوو لە بەندەكانی ڕێككەوتننامەی یانزەی ئازاری ساڵی 1970 كە ئەو كاتە سەركردایەتیی كورد بە ڕابەرایەتی بارزانیی داوای دامەزراندنی یەكێتییەكەیان كرد، ئەمڕۆش یۆبیلی زێڕینیەتی و ماوەی پەنجا ساڵە بێ پچڕان كارەكانی بەردەوامە".

پەرێشان گوتیشی: "لە هەموو هەلومەرجەكانی كوردستاندا، یەكێتیی نووسەران كاری خۆی كردووە و نەوەستاوە و دوولەتبوونی بەخۆیەوە نەدیوە، كە وەك دەزگایەكی ڕۆشنبیری تا ئێستاش لە مەیدانەكەدا ماوەتەوە و بەردەوامە لە چالاكییەكانی و زۆرترین كۆڕیشی بۆ ئەدیبانی كورد بەڕێوە بردووە."

دەشڵێ: "هەر لە میانی یادكردنەوەكەشدا، خەڵاتی ڕێز لێنانی شایستە دەدرێت بە سەرجەم ئەو كەسایەتیانەی لە ژیاندا ماون و ئەوانەشی كۆچی دواییان كردووە، بە كەسوكارەكانیان دەدرێت، كە لە ماوەی ئەم پەنجا ساڵەدا سەرۆكایەتیی یەكێتیی نووسەرانی كوردستانیان كردووە و دەستەی كاگێڕی بوونە."

 

فایزە كۆیی