هەواڵی کوردستان ئێستا

دژی رووخاندنی خانووەکانیان، دانیشتووانی گه‌ڕه‌كێكى كه‌ركوك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن

دژی رووخاندنی خانووەکانیان، دانیشتووانی گه‌ڕه‌كێكى كه‌ركوك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن
دژی رووخاندنی خانووەکانیان، دانیشتووانی گه‌ڕه‌كێكى كه‌ركوك ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن

2021-02-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتووانی گەڕەکی ئینزباتخانەی شاری کەرکووک دژبە رووخاندنی خانووەکانیان و دەرکردنیان لە گەڕەکەکە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داوایان لە ئیدارەی شارەکە کرد ئەو بڕیارە رابگرێت و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

یەکێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە لە دانیشتووانی گەڕەکی ئینزیباتخانە، بەناوی دڵنیا دڵشاد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوی گوتی: "ماوەی ھەشت ساڵە لەم گەڕەکە نیشتەجێم و خانووەکەم بەپارە کڕیووە و ماوەی ساڵێکە ئەمە چەند جارێکە قایمقام و ھێزە ئەمنییەکان داوامان لێ دەکەن خانووەکانمان چۆڵ بکەن، چونکە دەڕوخێندرێت".

ناوبراو گوتیشی: "چەند رۆژێک بەرلەئێستا سێ خانووی گەڕەکەکە لەلایەن قایمقامییتەوە روخێندراوە، بۆیە داوا لە ئیدارەی شار دەکەم کێشەکەمان چارەسەر بکەن، چونکە ھیچ چارەسەرێکی ترمان نییە و ناشزانین روو لە کوێ بکەین".

نیشتەجێیەکی دیکەی گەڕەکی ئینزیباتخانە بەناوی سوپا عەبدوڵڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ دوا مۆڵەتمان پێ دراوە بۆ ئەوەی خانووەکانمان بڕوخێنن و لە گەڕەکەکە دەرمان بکەن کە خۆم لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەم گەڕەکە نیشتەجێم و پێش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ھیچ کێشەیەکمان بۆ دروست نەدەکرا و ھیچ کەسیش نەدەھاتە گیانمان".

سوپا عەبدوڵڵا گوتیشی: "مانگی یازدەی ساڵی رابردوو دوا مۆڵەتیان پێداین کە خانووەکانمان چۆڵ بکەین، بەڵام بڕیارەکە راگیرا، تا ھەفتەی رابردوو دوا ئاگادارکردنەوەمان بۆ ھاتووە کە دەبێت بەزووترین کات خانووەکانمان چۆڵ بکەین و دەرچین".

گەڕەکی ئینزیباتخانەی شاری کەرکووک لەدوای ساڵی ٢٠٠٣وە دروستکراوە و نزیکەی ٩٠ خێزان دەبن، گەڕەکەکە دەکەوێتە نێو بازاڕی کەرکووک و نزیک شەقامی پزیشکان و سەرجەم خانووەکانیشی لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکراوە کە موڵکی وەزارەتی بەرگریی عێراقە و بەرلە رووخانی حکوومەتی بەعس ئەم ناوچەیە شوێنی فەوجی ئەفسەرانی سەربە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی عێراق بوو.