هەواڵی کوردستان ئێستا

چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی: لەنێو یەکێتیدا نەوەی نوێ درووست نەبووە، ئەوەی هەیە کوڕی بەرپرسەکانن

چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی: لەنێو یەکێتیدا نەوەی نوێ درووست نەبووە، ئەوەی هەیە کوڕی بەرپرسەکانن
چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی: لەنێو یەکێتیدا نەوەی نوێ درووست نەبووە، ئەوەی هەیە کوڕی بەرپرسەکانن

2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

”ئێستا یەکێتی کۆمپانیایەکی گەورەیە و لە ناوەوەدا بۆ چەندین گرووپ دابەش بووە“

چاودێرێکی سیاسی لە سلێمانی، رەخنەی توند لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگرێت و باس لەوە دەکات کە لەنێو ئەو حزبەدا نەوەی نوێ درووست نەبووە، ئەوانەی کە هەن، ”کوڕی بەرپرسەکانن“ و خۆیان بە نەوەی نوێ وێنا دەکەن.

عەزیز ڕەئووف، نووسەر و چاودێری سیاسی، لە وتارێکیدا کە بە ناونیشانی (یەکێتی، کۆنگرەی بێ گۆچان) کە لە ماڵپەڕی (شارپرێس)ی سەر بە بەرهەم ساڵح، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیدا بڵاوی کردووەتەوە، پاری لە گرنگیی بەستنی کۆنگرە بۆ حزبەکان کردووە و نەبەستنی کۆنگرەی بۆ هەر حزبێک بە ”عەیبە“ لێکداوەتەوە و رای گەیاندووە: ”دواخستنی کۆنگرە گومانی گەورە دروست دەکات بەوەی کە ئەم پارتانە دەیانەوێت شەڕی مانەوە بکەن وەک ئەوەی کە هەیە، نەک شەڕی گۆڕانکاری لە فکر و جیهانبینی و چۆنێتی حوکمڕانی لەم هەرێمەدا“.

بە بڕوای ئەم چاودێرە، لەنێو یەکێتیدا نەوەی نوێ دورست نەبووە، ئەوەی کە هەیە، ”یان کوڕی بەرپرسەکانن کە وەک خوێنی تازە خۆیان وێنا دەکەن، یان گەنجانێکن وەلائیان بۆ بەرپرسان و بنەماڵەکانیان هەیە. لەنێو یەکێتیدا کادرەکان دێن و پیر دەبن، ئەوانەی کە دێنە پێشەوە، نەک نەوەی نوێ نین، بەڵکوو لە ئاستی ماندووبوون و بەشداری لە خەباتی چەکداری و تەنانەت تێگەیشتن لە خەڵک و خەمەکانی خەڵک، زۆر دەستەپاچەتر و نەشارەزاترن لە نەوەی پێشوو“.

ڕوونیشی کردووەتەوە، ”ئەگەر نەوەی پێشووی ئەم پارتە ماندوو بووبێت، ئەوا نەوەی نوێی، یان کوڕانی بەرپرسانن کە شارەزای کۆڵانەکانی نیشتیمان نین و باوکانیان لە شاخەوە بۆ دەرەوەی ناردوون، یان ئەو گەنجانەن کە لەناو بارەگاکانی ئەم پارتە گەورە بوون و لە پاڵ گەندەڵی و بێفکری و بەتاڵیی بەرپرسەکانەوە بە موجامەلە و بێدەنگکردن و ڕەخنەنەگرتن ڕاهاتوون و یەک حەرفیان وەک نەوەی نوێ لێ وەرنەگیراوە. لە ئێستادا لەناو یەکێتی دوو شت هەڵدەکشێ: سامانی بەشێک و تەمەنی بەشێکی تر“.

دوێنێ (باسنیوز) هەواڵێکی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسانی یەکێتی لەسەر پۆستەکان و دابەشکردنیان لە کۆنگرەی چوارەم ڕێککەوتوون و زانیاریی ئەندامێکی یەکێک لە ئۆرگانە سەرەکییەکانی حزبەکەشی لەبارەی ڕێککەوتنەکە بڵاو کردەوە. لەمبارەیەشەوە عەزیز ڕەئووف نووسیویەتی: ”تەوافوقی پێش کۆنگرە هیچ نییە جگە لە کوشتنی کۆنگرە. خۆی کۆنگرە و کۆنفرانس لە ڕۆژانی کۆتاییدا دەبێت موفاجەئە بخولقێنێت، کۆنگرەیەک کە لە ئێستاوە زانرا کێ سەرۆکە و کێ جێگرە و کێ دەبێتە بەرپرس، ئەوە کۆنگرە نیە و لە دیوەخانێکدا دەتوانرێت چەندین کۆنگرەی وا ئەنجام بدرێت. بۆ کادرێکی یەکێتی زۆر سەختە هەڵپەی چوونە کۆنگرە بکات کە لە ئێستاوە پێی وتراوە کێ سەرۆکە و جێگرەکانی سەرۆکیش کێن“.

ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە تائێستا لەنێو یەکێتیدا ”یەک حەرف لەسەر فکر نەگوتراوە“، بۆیە کۆنگرەی حزبەکە لەپێناو فکری یەکێتیدا نییە، بەڵکوو تەنها بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و نفوزی کوڕە هەڵتۆقیوەکانی بنەماڵە جیاوازەکانە.

چاودێرە سیاسییەکە ئاشکرای کردووە کە بەهۆی نەمانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی کە ئەو بە نەمانی گۆچانەکە وەسفی کردووە، کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی ململانێی زۆرتری تێدا دەبێت. دەشڵێت: ”بەم دۆخەی دوای مام جەلال، یەکێتی لەسەر عەرزی ڕەقە و ئەم کوڕە لاسارانەی کە گۆچانی مام جەلالیان لەسەر نەماوە و یەکەم کۆنگرەیە، بەبێ گۆچان دەکەونە ململانێوە“.

لە کۆتاییشدا ڕەخنەی ئەوەی لە یەکێتی گرتووە کە ئێستا بووەتە ”یەک کۆمپانیای گەورە و لە ناوەوەدا بەسەر چەندین گرووپ و کۆمپانیا و وەلائی بنەماڵەیی و پشکی بازاڕ و گومرگ و نەوت و قاچاخچی شەوانەی ئەم برادەرانەی سەرەوە دابەش بووە“.

جەختیشی کردووەتەوە، ”بێئاگاییە“ کادرێکی یەکێتی پێی وابێت لە سەردەمی شاخدا دەژی، ”ئێستا ئەم پارتە خاڵیبۆتەوە لە فکر و جیهانبینی و ئەوەی تێیدا نیە مەبدەئە. ئاساییە شەڕی مانەوە لەناو بەرژەوەندی و پشک و سەرمایەکانی پارتەکەدا بکەیت و بۆ بچووککردنەوەی ئەوی تر و فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆت، بەڵام لە کەس وەرناگیرێ ئەگەر ئەنجامدانی کۆنگرە لە بەرژەوەندیی خەڵک و یەکێتـی وەک یەکێتییەکەی جاران وەسف بکات“.

بڕیار بوو لە ٧ی ١٢ی ٢٠١٩، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆنگرەی چوارەمی خۆی ببەستێت، بەڵام ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بە پاساوی تەواونەبوونی ئامادەکارییەکان، ئەنجامدانی کۆنگرەی بۆ ٢١ی ئەم مانگە دواخست. هەرچەندە پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کردبوو کە بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە حزبەکە کۆنگرە دوابخات.