مەیادە نەجاڕ: دەبێ پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق پێش سەری ساڵ بگاتە پەرلەمان
بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، بۆ ڕەوانەكردنی بودجەی 2020ی عێراق بۆ پەرلەمان، پێویست بە هیچ دەرچەیەكی یاسایی ناكات و كێشەی نییە، دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش، ڕاستەوخۆ كار لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەكرێت.
د. مەیادە نەجاڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2020ی عێراق، دەبێ پێش سەری ساڵ بگاتە پەرلەمان، ئێستاش كات ماوە، لەبەر ئەوەی پڕۆژەكە بە تەوافووقی هەموو لایەكە و مافی كوردیش وەكو هەرێمی كوردستان تێیدا چەسپاوە، تەنیا ماوە بگاتە پەرلەمان."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "پڕۆژەیاسای گرنگتر لە پڕۆژەیاسای بودجە لە بەردەستی پەرلەمانە، كە پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانە و خۆپیشاندەران داوای دەكەن، رۆژی پێنجشەممە یاخود سەرەتای هەفتەی داهاتووش ئەو پڕۆژەیاسایە ئەگەر بێتە تێپەڕاندن، ئینجا ڕاستەوخۆ كار لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2020ی عێراق دەكرێت."
لەبارەی هەبوونی كێشەی یاسایی لە بەردەم پڕۆژەیاساكەشدا، كە حكوومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بكات، نەجاڕ گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2020ی عێراق بەر لە دەستلەكاركێشانەوەی (عادل عەبدولمەهدی)، واژۆی لەسەر كراوە و، هیچ كێشەیەكی نەماوە لە ئەنجوومەنی وەزیران و هیچ دەرچەیەكیش پێویست نییە تا ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت، تەنها ئەوەی هەیە كاتە و دواخراوە، بۆیە ئەگەر رۆژی پێنجشەممە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بكرێت، ئەوا ئەمساڵ بودجەش كاری لەسەر دەكرێت و پەسەند دەكرێت، بە پێچەوانەوە دوادەكەوێت".
نەشوان بەرزنجی