هەواڵی کوردستان ئێستا

عێراق.. لە خۆپیشاندانەکانی ناسڕییەدا ١٠ کەس برینداربوون

عێراق.. لە خۆپیشاندانەکانی ناسڕییەدا ١٠ کەس برینداربوون
عێراق.. لە خۆپیشاندانەکانی ناسڕییەدا ١٠ کەس برینداربوون

2021-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سەرچاوەیەکی پزیشکیی رایگەیاند، لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی کە بۆ سێیەم رۆژە لە شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق بەردەوامییان هەیە، ١٣ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی برینداربوون.

پزیشکێک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئیمام حوسێن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆ چوارشەممەدا، نەخۆشخانەکەیان پێشوازیی لە ١٣ بریندار لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمیی کردووە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت راشیگەیاند، بریندارەکان بەهۆی هاوێشتنی بەرد و تەقینەوەی بۆمبی گازی فرمێسکڕێژەوە برینداربوونە.

لەلای خۆیەوە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، دوای داخستنی پردی نەسڕ لە ناوەڕاستی شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، جارێکی دیکە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی روویدا.

بەگوتەی شایتحاڵەکان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان بە ئاسماندا کرد و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا، لەبەرامبەردا خۆپیشاندەران بە هاوێشتنی بەرد رووبەڕووی هێزەکانی ئەمنیی بوونەوە.

دوێنێ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق بەزەبری هێز بڵاوەیان بەو خۆپیشاندانە کرد کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری زیقار، نازم وائیلیان دەکرد، ئەمەش لە بەرامبەر ناڕەزایەتییان بوو لە خراپ ئیدارەکردنی کاروبارەکانی پارێزگاکە.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئیمام حوسێن، لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی سێشەممەی شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، ١٥ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی برینداربوون.

رۆژی دووشەممەی رابردوو، خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییە ئەنجامدرا کە لە میانیدا خۆپیشاندەران داوایان لاکارلادانی پارێزگار، نازم وائیلییان لە پۆستەکەی کرد.

پارێزگای زیقار بە چەقی چالاکییەکانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دادەنرێت لە عێراق کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبێت و ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە دانیشتووانەکەی دژبە خراپ ئیدارەدانی پارێزگاکە و خراپی خزمەتگوزاری گشتیی و کەمی هەلی کار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لە وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣١.٧ لەسەدا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠ بووە.