هەواڵی کوردستان ئێستا

له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ و كه‌ره‌نتینى شاره‌كان، روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ و كه‌ره‌نتینى شاره‌كان، روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت
له‌باره‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتووچۆ و كه‌ره‌نتینى شاره‌كان، روونكردنه‌وه‌ ده‌درێت

2021-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ئێوارەی ئەمڕۆ لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دوای هەڵسەنگاندنیان بۆ دۆخی تەندروستی، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری نوێ دەربارەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدەن، پارێزگارى هه‌ولێریش رایده‌گه‌یه‌نێت: بە دڵنیایی قەدەغەی هاتوچۆی ناو شارەکان لە پلاندا نییە.

پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵ رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دوای خوێندنەوەی راپۆرتی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەردەکەوێت چ بڕیارێکی نوێ دەدرێت، بەڵام ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیزانین هەم ژمارەی تووشبووان وابەرز دەبێتەوە هەم مەوجە و کاریگەرییەکانی کۆرۆنای گۆڕاو گەیشتە شار و وڵاتی ئێمە و هەواڵەکان، هەواڵی خۆشنین لەو بابەتانەی کە تا ئێستا خوێندنەوەیان بۆکراوە، ئامانجی ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک ئامانجە کە کەمترین زیانی مرۆییمان هەبێت.

گوتیشی: "داوامان وایە لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر و هەموو کوردستان بە گشتی، پەیگیری بە رێنماییەکانی خۆپارێزی و بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناوە بکەن، هۆکاری سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی زیانە مرۆییەکان بریتییە لە هاووڵاتییان خۆیان".

پارێزگاری هەولێر دەربارەی پرۆسەی خوێندن و ئەگەرەکانی راگرتنی رایگەیاند "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە نییە، پێشبینیش ناکەم بگەینە ئەو قۆناغ و بڕیارە کە ناوەندەکانی خویندن دابخرین، بەڵام بەدڵنیایی بڕیارەکان بەگشتی گۆڕانکارییان بەسەردا دێت".

لە کۆبوونەوەی رابردووی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاردرا هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق سنووردار بکرێت و رێگە بە هاتنی گەشتیار نەدرێت، بەڵام ئەم بڕیارە وەک پێویست جێبەجێ نەکرا و لێشاوێکی فراوانی گەشتیار لە چەند رۆژی رابردوودا، روویان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەولێر کرد، لەو بارەیەوە پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاند "بەداخەوە ئێمەش هۆکارین لەوەی لە هەندێک شوێن یان هەندێک سنووردا وەک پێویست بڕیارەکانی لیژنەی باڵا جێبەجێ ناکەین، بڕیاری ئەوە درا کە گرووپی گەشتیاری نەیەتە شارەکان، بەڵام لە هەولێر بەجۆرێک بوو لە سلێمانی بەجۆرێک و دهۆکیش جۆرێکی دیکە، دەبێت کاتێک بڕیار دەدرێت هەموومان بەیەکەوە وەک خۆی جێبەجێکاری ئەو بڕیارانەبین، بۆ ئەمرۆش ئەمەوێت ئەوە بڵێم بە دڵنیایی قەدەغەی هاتوچۆی ناو شارەکان لە پلاندا نییە، بەڵام بۆ هاتوچۆ لەگەڵ شارەکانی عێراق رەنگە بڕیاری توندتر و قورستر بدرێت".