هەواڵی کوردستان ئێستا

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە شەست و حەوتەمین ساڵەی دامەزراندنیدا

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە شەست و حەوتەمین ساڵەی دامەزراندنیدا
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە شەست و حەوتەمین ساڵەی دامەزراندنیدا

2019-12-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


د. ڤیان سلێمان

شەست و حەوت ساڵ بەردەوامی بۆ هەر ڕێکخراوێک، جەماوەری بێ یان پیشەیی یاخود سیاسی یان دامەزراو لەسەر هەر بنەمایەک و بۆ هەر توێژێک؛ ئەزمونێکی دەوڵەمەند و بارگاوییە بە چەندین قۆناغ و ڕەهەند، ئەوەندەش بەردەوامی تەمەن گرنگە، زیاتر لەوە گەشەکردن و نوێبوونەوە و فراوانبوون. بە تایبەت کاتێک ئەو ڕێکخراوە بۆ پرسێک دامەزراوە کە پرسێکی مرۆڤایەتییە و پرسێکیش کە پەیوەندی بە مرۆڤەوە بێت، هەمیشە بەردەوام دەبێت. چونکە پەرەسەندنی هۆشیاری مرۆڤایەتی و خواستی مرۆڤ بۆ پێشكەوتن بەردەوامە. پرسی ئافرەتیش پرسێکی مێژوویی و مرۆڤایەتی، ڕەوا و پیرۆز، لەهەمانکات هەستیار و فرەڕەهەندە. لەخۆگرتن و نوێنەرایەتیکردنی ئەم پرسەش ئەوپەڕی بەرپرسیاریەتی هەڵدەگرێ. 

لەمڕۆدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ وەک دێرینترین و پێشەنگترین و پڕخەباتترین ڕێکخراوی داکۆکیکار لە پرسی ئافرەت، مۆمی شەست و حەوت ساڵەی تەمەنی هەڵدەکات. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتا تا ئێستا تەبەنای پرسی ئافرەتی کردووە بەبێ خۆبواردن لە پرسە نەتەوەییەکان و ڕۆڵێکی کاریگەری لە وێستگە جیاوازەکانی خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان بینیوە. یەکێتی ئافرەتان لەو مێژووە دوورودرێژەی خۆیدا بە هەلومەرج و قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوە. ڕێکخراوێکە لە هەناوی شۆڕش لەدایکبووە، لێرەدا سڵاو و درود دەنێرین بۆ گیانی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد بارزانی نەمر، کە لەسەر ڕاسپاردەی ئەو ڕابەرە مەزنە ئەم ڕێکخراوە دامەزرا. لە ئێستاشدا ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆک بارزانی ئەوپەڕی پشتیوانی پرسی ئافرەت و ڕێکخراوەکەمانە و مانەوە و بەردەوامی ڕێکخراوەکەمان سەرچاوە لەو پشتیوانییە بەهێز و پڕ وزەیە وەردەگرێت. سڵاو ده‌نێرین بۆ ئەو خانمە پێشەنگانەی لەو بارودۆخە سەختەدا نەیانهێشت بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد بزاڤێکی تەنها پیاوانەبێ، بەڵکو وایانکرد ئەم بزاڤە مۆرکی ئافرەتی پێوەبێ. ئەم شانازییە دوولایەنە؛ شانازییەک بۆ پارتی و سەرکردەکانی پارتی  شانازیەکیش بۆخودی ئافرەت.

لێرەدا دەتوانم بڵێم؛ لە کاری ڕێکخراوەیی خۆیدا لە ئێستادا یەکێتی ئافرەتان بە باشترین ساتەکانیدا تێ دەپەڕێت. پێشکەوتن لەڕووی ڕێکخستن و ژمارەی ئەندام، دامەزراندنی تۆڕێکی ڕاگەیاندن کە خۆی لە کەناڵێکی بیستراو و گۆڤارێکی هزری و ماڵپەڕێکی پێشکەوتوودا دەبینێتەوە، دابەشکاری بەشەکانی ڕێکخراو و تایبەتمەندبوونی هەر بەشێک بە بوارێکی جیاواز، لەخۆگرتنی چەندین دۆسیە: دۆسیەی خێزانە لێکترازاوەکان، هۆشیاری پێش هاوسەرگیری و تەندروستی ئافرەتان، هەوڵی سەرەکیمان بۆ ئەوە بووە ئافرەت هۆشیار بکەینەوە بە مافەکانی. تواناو دونیابینی ئافرەت لە دارشتنی سیاسەت و بەرێوەبردنی كۆمەڵگە بەشدار بێت. پەردە لەسەر دیاردەی توندوتیژی خێزانی لابدەین، بەرەنگاری توندوتیژی و بنەما هزرییەکانی پشت ئەم دیاردەیە کە چڕ دەبنەوە لە بەشێک لە بەها و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان، پەروەردەی خێزان، یاسا نافەرمییە نەنوسراوە کۆمەڵایەتیەکان و پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی ببینەوە. ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانی ئافرەتانی کوردستان و ئەو مەبەستەدا بین کە ڕێکخراوەکەی بۆ دامەزراوە. 

ئەمڕۆ لە نێوەندە جیاوازەکاندا لێکبەستنەوە و گرێدانێکی بەرچاو لە نێوان یەکێتی ئافرەتان و پرسی ئافرەت هەروەها زۆرترین کارلێک و کاردانەوە لە نێوان یەکێتی ئافرەتان و ئافرەتانی کوردستاندا هەیە. دەستخۆشیمان لێ دەکرێ و ڕەخنەمان لێ دەگیرێ. لێرەولەوێش بەرەی کۆنەخواز و داکۆکیکار لە مانەوەی کۆمەڵگە لە فۆرمی دواکەوتوییدا دژایەتی ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەمان دەکەن. بەرەیەک کە چاودێری ناکەن و ئیشیان هەر ڕەخنەگرتنە کارەکانمان نادیدە دەگرن. ئێمە لە هەوڵ و تێکۆشان ناوەستین و بەردەوامی و کۆڵنەدان یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی کارکردنی ڕێکخراوەکەمان. هەموو کاتیش بە دیدی ڕەخنەگرانە چاودێری کارەکانمان دەکەین، بە مەبەستی لانەدان و دوورنەکەوتنەوە لە ئامانجەکان. 

پێگەی ڕێکخراوەکەمان ئەرکمان قورستر دەکا و توانای زیاتری لێمان دەوێ، نەک تەنها بۆ مانەوە لەم پێگەیەدا، بەڵکو بۆ زیاتر پێشکەوتن. یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ڕێکخراوێکی خاوەن پەیام و بە پرەنسیبە و لە ڕوانگەی زانستی خوێندنەوەی بۆ پرسی ئافرەت لە کوردستان هەیە و پرۆژە و بەرنامەی هەمەلایەنی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرسە. هەوڵی سەرەکیشمان بۆئەوەیە، کە پرسی ئافرەت بکەین بە پرسی ڕای گشتی کۆمەڵگە و نوێنەرێکی ڕاستەقینە و دەمڕاستی ئافرەتانی کوردستان بین. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە یەکێتی ئافرەتان هەموو كات لە پرۆسەی بەخۆداچوونەوە و خۆنوێکردنەوەدا بێت و بە میكانیزمی گونجاو چالاکیی و پرۆژەکانی ئەنجام بدات و لە ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتن و فراوانبوونی پێگەکەی بكۆڵێتەوە، بەردەوام كادرانی خۆی زانیار بكات بە مافەكانی ئافرەت و ئامانجی رێكخراو، بەو پێیەش هەمیشە رێكخراوی جێ متمانە و دڵخوازی ئافرەتانی كوردستان بێت بە بێ جیاوازی.