لهبارهی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە تۆمارنەكراون، هاتووچۆ روونكردنهوه دهدات
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، بەپێی بڕیارێك، دەبێت سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە تۆمارنەكراون، وەکو بێ سەرەتا، ژمارە كاتی، بێ ئاڕم و كارت، بەو ئۆتۆمبێلەشەوە کە بە مەلیکە ناسراوە لە رێككەوتی ٧ تاوەکو ٢٥ی ئەم مانگە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بكەن بە مەبەستی پشكنین و سەرژمێریكردنیان.
فازڵ حاجی راشیگەیاند، هەركەسێك لە ماوەی دیاریكراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ نەكات، بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆی خۆی، كە لە داهاتوودا دیاریدەكرێت.
بەپێی بڕیارەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، پشكنینەكان تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت و پیكاب دەبێت، هیچ كەسێكیش ناتوانێت زیاتر لە دوو ئۆتۆمبێل بەناوی خۆیەوە بكات، خاوەنی ئۆتۆمبێلیش پێویستە ساڵیانە و رەگەزنامەی عێراقی یان كارتی نیشتمانی پێبێت، پشكنینیش تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی مۆدێل (٢٠٠٢ – ٢٠١٨) دەكرێت.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، بڕیارەكە هەمو ئۆتۆمبێلە تۆمارنەكراو و بێ سەرەتاكان دەگرێتەوە بە مەلیكە و ئۆتۆمبێلی ئەوروپیشەوە، سەبارەت بە ژمارەكردنیش لە بڕیارەكە بەهیچ شێوەیەك باسی ژمارەكردن نەكراوە، بەڵكو جارێ تەنها سەرژمێری و پشكنینی ئۆتۆمبێلەكانە.