حکوومەتی یەمەن هێزی پشتیوانی رەوانەی شاری مەئریب دەکات
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
فەرماندەیی میحوەی تور ئەلباحە سەربە حکوومەتی یەمەن سەنگەرەکانی لە شاری مەئریب پتەوتر دەکات.
فەرماندەی میحوەرەکە، لیوا ئەبوبەکر جەبولی راگەیەندراوێکی لە ماڵپەڕی "ئەلموشاهید" بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە میحوەری تور ئەلباحە نزیکەی ٥٠٠ جەنگاوەری لە شاری مەئرییب هەیە و لەئێستاشدا ئامادەکاری بۆ پتەوترکردنی سەنگەرەکانیان لەو شارە دەکەن.
لیوا ئەبوبەکر جەبولی باسی لەوەشکردووە کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لەسەر فەرمانی سەرکۆمار عەبدرەبو مەنسور هادی و وەزارەتی بەرگریی، هێزی پشتیوانی رەوانەی شاری مەئریب بکرێت، ئەمەش جاری دووەمە حکوومەتی یەمەن هێزی پشتیوانی رەوانەی ئەو شارە دەکات.
چەندین هەفتەیە حووسییەکان هێرشێکی چڕیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری مەئریب دەستپێکردووە کە بە قەڵای حکوومەتی یەمەن ناسراوە و بنکەی وەزارەتی بەرگریی لێیە.
حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤وە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی یەمەن-دا گرتووە و لە بەرامبەردا، ھێزەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە رابەرایەتی سعوودیە لە مانگی ئاداری ٢٠١٥وە لە دژی حووسییەکان و بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی یەمەن ئۆپەراسیۆنیان لەو وڵاتە دەستپێکردووە.