د. کاوان ئیسماعیل: ھیچ کابینەیەکی حکوومەتی عێراق بەبێ کورد سەرکەوتوو نابێت
هەولێر- KDP.info -ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەت لە عێراق چڕ کراونەتەوە و پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکانیش پێی وایە، بەبێ تەوافوق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھیچ حکوومەتێک لە عێراق سەرکەوتوو نابێت.
دکتۆر کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلیژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەلاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ کابینەیەکی حکوومەتی عێراق سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر بێت و تەوافوقێکی تەواوی لەگەڵ کورد نەبێت، لە ڕابردوودا ئەوە سەلمێندراوە، بەبێ ھەرێمی کوردستان حکوومەتی عێراق سەر ناگرێت، ئێستایش کە کار بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکرێت، ھەوڵ دەدرێت کابینەیەکی وەھا پێک بێت، کە جێگەی خۆی لە ھەموو عێراق بکاتەوە."
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: "وڵاتی عێراق لە دوو بەش پێک ھاتووە، بەشی فیدراڵیەکەی و بەشی ھەرێمی کوردستان کە بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش تایبەتمەندیی خۆی ھەیە."
دکتۆر کاوان ئیسماعیل جەختی کردەوە: "پێشبینی دەکرێت محەمەد تۆفیق عەلاوی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کار بۆ ئەوە دەکات لەگەڵ کورد بگاتە ڕێککەوتن تا کابینەکەی سەرکەوتوو بێت، لەبەر ئەوە ڕۆژانی داھاتوو عەلاوی پەنا بۆ ھەرێمی کوردستان دێنێت، تا پشتگیریی کورد و ھەرێمی کوردستان بۆ کابینەکەی بەدەست بێنێت."
قائید میرۆ