هەواڵی کوردستان ئێستا

ھەرێمی کوردستان.. ٢٥٦ كه‌سی دیكه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون

ھەرێمی کوردستان.. ٢٥٦ كه‌سی دیكه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون
ھەرێمی کوردستان.. ٢٥٦ كه‌سی دیكه‌ تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون

2021-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٥٦ تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١١٠ ھەزار و ٥١٢ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٥٣٧ کەس.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیه‌نراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی شەش ھەزار و ٣٢٣ پشکنین، ٢٥٦ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش سێ کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

لە راگەیه‌نراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، ١٥٣ حاڵەت، سلێمانی ٥٧ حاڵەت، دھۆک ١٩ حاڵەت، هەڵەبجە دوو حاڵەت، ئیدارەی گەرمیان شەش حاڵه‌ت و، ئیدارەی راپەڕین ١٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون و سێ حاڵەتی گیانلەدەستدانیش لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

لە بەشێکی راگەیه‌نراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣٥ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان کە ٥٦ لە هەولێر، ١٩ لە سلێمانی، ٥٢ لە دهۆک و هەشت کەسیشیان لە ئیدارەی راپەڕین بووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١١٠ ھەزار و ٥١٢ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٥٣٧ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.