هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری تەندروستی هه‌رێم: ڤاكسینى ڤایرۆسى كۆرۆنام وه‌رگرت

وەزیری تەندروستی هه‌رێم: ڤاكسینى ڤایرۆسى كۆرۆنام وه‌رگرت
وەزیری تەندروستی هه‌رێم: ڤاكسینى ڤایرۆسى كۆرۆنام وه‌رگرت

2021-03-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییان و گەیاندنی پەیامی سەلامەتی، ئەمڕۆ لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەشداربووین، لە ھەمانکاتدا ئەمە ھاندانی کارمەندانی تەندروستیشە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە چونکە لە ھێڵی پێشەوەن و دەمانەوێت سەلامەتییان پارێزراوبێت.

دوای گەیشتنی کاروانی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال لە سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاکسینەکەیان وەرگرت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییشدا وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە وەرگرتنی ڤاکسینەکە پەیامێکی دڵنیایی بووە و لە ھەمانکاتدا ھاندان بووە بۆ کارمەندانی تەندروستی بۆ ئەوەی ئەوانەی لە ھێڵی پێشەوەی کارکردنن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا، بتوانن ڤاکسینەکە وەرگرن.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "سەرەتا بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتان و ئافرەتانی بەشداربوو لە دامودەزگاکانی تەندروستی دەکەم کە رۆڵێکی بەرچاویان ھەیە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و خوشک و دایکێکی میھرەبانن بۆ نەخۆشەکان".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "بە شانازییەوە بەشداربووین لە وەرگرتنی ڤاکسین لە ھەرێمی کوردستان لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا، ئەم ڤاکیسنە ھەم بە ژمارە و ھەم بە رێژە ئەوە نەبوو کە بەشی ھەموو خەڵک بکات، بۆیە بەپێی رێنماییەک کە ھەفتەی رابردوو بڵاومان کردووەتەوە، ھێڵی پێشەوە، کارمەندانی تەندروستین و دڵی ئێمەش لەلای ئەوانەیە کە راستەوخۆ لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا کار دەکەن، لەلایەکی دیکەوەشەوە بۆ رەتکردنەوەی ھەر پەیامێک بوو کە گوایا ئەم ڤاکیسنە خراپ بێت، یان پرسیاری ئەوە ھەبوو کە بۆچی بەرپرسان بەکاریان نەھێناوە، بۆیە بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییان و گەیاندنی پەیامی سەلامەتی، ئەمڕۆ لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەشداربووین لە ھەمانکاتدا ئەمە ھاندانی کارمەندانی تەندروستیشە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە چونکە لە ھێڵی پێشەوەن و دەمانەوێت سەلامەتییان پارێزراوبێت".

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کرد کە ھەفتەی داھاتوو کاروانێکی دیکەی ڤاکسینەکە لە بەغداوە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: "بڕیار وایە ھەفتەی داھاتوو، واتا ١٥ی مانگ کاروانێکی دیکەی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان کە بە بڕی ١٨٧ ھەزار ژەم مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەو پەیامە بگەیەنم کە رێکارەکانی خۆپارێزی شل نەکەینەوە چونکە رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت".

سامان بەرزنجی لەبارەی ئامارەکانی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا گوتی: "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٤٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چوار ‌حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە کە زۆرینەیان زنجیرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنان و دەبێت بەستانی ماسک بە گرنگرتین رێکارەکان دابنێین".