له هه‌ولێر قوتابیان و مامۆستایانی مه‌سیحی خەڵات کران
"پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان بەرز دەنرخێندرێت"
لیژنه‌ی نوێنه‌رایه‌تیی هه‌ردوو كۆلیژی ته‌كنیكیی كارگێڕی و ئه‌ندازیاریی یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، ڕێوڕه‌سمێكی ڕێزلێنانیان ڕێك خست و تێیدا گوڵی ئاشتی و خۆشه‌ویستییان پێشكه‌ش به قوتابیان و مامۆستایانی په‌یڕه‌وی ئایینی مه‌سیحی كرد.
عه‌لی وه‌یسی، به‌رپرسی لیژنه‌ی كۆلێژی ته‌كنیكیی كارگێڕی هه‌ولێری یه‌كێتیی قوتابیانی كوردستان، له‌مباره‌یه‌وه به (باس‌نیوز)ی ڕاگه‌یاند: "به بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 11|122019، ڕێوڕه‌سمێكمان ساز کرد و تییدا شیرینی و گوڵی ئاشتی و خۆشه‌ویستیمان پێشكه‌ش به زیاتر له (30) قوتابی و مامۆستای هه‌ردوو كۆلیژی ته‌كنیكیی ئه‌ندازیاری و كارگێڕی كرد، كه په‌یڕه‌وی ئایینی مه‌سیحن".
ڕوونیشی كرده‌وه: "ئامانج له‌م چالاكییه، ڕێزگرتنه له په‌یڕه‌وانی ئایینی مه‌سیحی و ده‌مانه‌ویت پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له هه‌رێمی كوردستان زیاتر ڕه‌نگ بداته‌وه و به‌رده‌وامیش بێت".
نه‌ڤین مه‌سیح، قوتابییه‌كی په‌یڕه‌وی ئایینی مه‌سیحی و له‌مباره‌یه‌وه به (باس‌نیوز)ی ڕاگه‌یاند: "هه‌ستی خۆشمان هه‌بوو، كه ئه‌مڕۆ گوڵ و شیرینمان له‌لایه‌ن قوتابیانی په‌یڕه‌وی ئایینی ئیسلامه‌وه وه‌رگرت و ئێمه‌ش شیرینیمان پێشكه‌ش به‌وان كرد، ئه‌مه هانده‌رێكه باشه بۆ زیاتر پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له كوردستان، ده‌سخۆشیمان هه‌یه".