سەرۆکوەزیرانی عێراق سهردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دهكات
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، مستەفا کازمی سەردانی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لەگەڵ گەیشتنی بۆ بارەگاکە بە ئامادەبوونی ھەریەک لە وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، عەبدولئەمیر شممەری و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، لیوا روکن ئەحمەد سەلیم لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی و ئەمنیی کۆبووەتەوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی بەدواداچوونی بۆ جێبەجێکردنی رێوشوێنە ئەمنییەکانی پاراستنی بەشداربووانی رێورەسمی یادکردنەوەی کوژرانی ئیمام موسا گیراوتەبەر و ھاتووە:
"لە کۆبووەنەوەکەدا، وردەکاری لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی ناوچەی کازمییە باکووری بەغدا، دراوە بە مستەفا کازمی".
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی داوای لە ھێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەو پلانەی کە بۆ پاراستنی گیانی زیارتکارانی رێورەسمی یادکردنەوەی کوژرانی ئیمام موسا دانراوە، بە باشی جێبەجێ بکەن".
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە سوپای عێراق رایگەیاندبوو کە شەوی رابردوو نارنجۆکێک بە زیارتکارانی رێورەسمی یادکردنەوەی ئیمام موسا لە ناوچەی کازمییە باکووری بەغدا تەقییەوەتەوە و لە ئاکامدا، ئافرەتێک کوژراوە و هەشت کەسی دیکەیش برینداربوون.