هەواڵی کوردستان ئێستا

نزیکەی 5000 بەندکراو لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستاندان و پێویستیان بە باڵەخانە

نزیکەی 5000 بەندکراو لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستاندان و پێویستیان بە باڵەخانە
نزیکەی 5000 بەندکراو لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستاندان و پێویستیان بە باڵەخانە

2021-03-09 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


دیجیتال میدیای سپێده‌

 

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان سەربە وەزارەتی کار و کاروبای کۆمەڵایەتی، ئاری ئەحمەد ئاشکرایکرد کە ئێستا نزیکەی پێنج ھەزار بەندکراو لە چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستاندان و پێویستیی زۆریان بە باڵەخانە و پڕۆگرامی چاکسازیی سەردەمیانە ھەیە.

ئاری ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە میانی بەڕێوەچوونی خولێکی توێژەرانی کۆمەڵایەتی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاکسازییەکان و تۆڕی دادپەروەری بۆ بەندییەکان کە تایبەتە بە ئەرک و مافی بەندکراوان لە ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو ئاماژەی بەوەکرد کە نزیکەی پێنج ھەزار کەس لە بەندیخانەکانی ھەرێمی کوردستان ھەن و پێویستییان بە باڵەخانەی گەورەتر ھەیە و گوتی:

"ئەم خولەی کە ئێستا بەڕێوەدەچێت، بە ھەوڵی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا کە تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و تیایدا باس لە ئەرک و مافەکانی بەندییەکان دەکەین، ھاوکات ھەوڵی ھەموارکردنەوەی یاساکانی چاکسازیش دەدەین".

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە وێرای ئەوەی نزیکەی پێنج ھەزار بەندکراو لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە نەتوانراوە باڵەخانەی گەورەتر دروست بکرێت و گوتی: "ئەم ھەوڵە کۆی چاکسازییەکان دەگرێتەوە، چونکە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان و لە ھەر سێ بەشی بەندکراوانی گەوران، ئافرەتان و نەوجەوانان بە راگیراوان و سزادراوانیشەوە، نزیکەی پێنج ھەزار بەندکراو ھەیە، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشە و قەیرانی دارایی ھەیە ھەربۆیەش بۆیە نەتوانراوە وەک پێویست باڵەخانە و پڕۆگرامی پێویستی چاکسازیمان بۆ دابین بکرێت و ئێستا کار لەسەر ئەو لایەنەش دەکرێت بۆ ئەوەی ئەو جەنجاڵی و قەرەباڵغییەی کە لە بەندیخانەکاندا ھەیە کەم بکرێتەوە".

ئاری ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نێو بەندیخانەی چاکسازی گەوران لە شاری هەولێر کرد و ئەوەی خستەڕوو کە لەئێستادا تیمێک سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی بەندیخانەکەن و گوتی: "لە ماوەی رابردوودا ئەو بەندیخانەیە سووتا و بەشێک لە کەرەستەکانیشی لەناو چوون، بۆیە بەندییەکان بۆ شوێنێکی دیکە گواستراونەتەوە و ئێستا تیمێکی ئەندازیاریی سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکەن و دوای تەواوبوونی کارەکان، تەواوی بەندییەکان دەگەڕێندرێنەوە شوێنی خۆیان".