شاندێكی پارتی سەردانی بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەورووپای كرد
هەولێر-KDP.info- شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد و لەلایەن ڕێكاردۆ، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان پێشوازی كران. شاندەكە، هەروەها لەگەڵ نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، سوپاسی بەرپرسی و سەرجەم ئۆفیس و كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە ڕۆڵێكی دیاریان هەیە لە خزمەتكردنی ئاوارەكان و هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێم.
لە میانەی دیدارەكەدا، باس لە باردۆخی ئێستای عێراق و كوردستان و ناوچەكە كرا و، بەڕێز سیوەیلی ڕایگەیاند كە بارودۆخی ناوەڕاست و باشووری عێراق كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەواوی عێراق هەیە و "ئێمەش نیگەرانین و پاڵپشتیی تەواو لە داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران دەكەین و ئیدانەی توندوتیژی لە دژیان دەكەین".
دەربارەی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، سیوەیلی دووپاتی كردەوە: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان ڤیتۆمان لە دژی هیچ كاندیدێك نییە و پاڵپشتیی تەواوی دەكەین، بە مەرجێك كە هەوڵی جێبەجێكردنی دەستوور بدات و پارێزگاری لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بكات و ڕێككەوتنەكانمان جێبەجێ بكات، ئەمەش لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی عێراقە.
بەڕێز ڕێكاردۆ، باسی لە گرفتەكانی بەردەم كاری نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و سوپاسی حكوومەتی هەرێمیشی كرد، كە هاوكاریی تەواوی تیمەكانیان دەكات.
شاندەكەی پارتی، هەروەها سەردانی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەورووپای لە هەرێمی كوردستان كرد و لەلایەن بەرێز ڤینسۆ پێشوازی كران.
هۆشیار سیوەیلی، بە ناوی سەركردایەتیی پارتییەوە سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی یەكێتیی ئەورووپای بۆ هەرێمی كوردستان كرد. لە میانەی ئەو دیدارەدا ڕەوشی ئێستا عێراق و ناوچەكە باسی لێكرا. هەڕەشە و مەترسییەكانی ناوچەكە، تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان بوو، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتیش جەختی لە گرنگی و پێویستیی كاری هاوبەشی یەكێتی ئەورووپا و حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی كردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە، دووپاتیشی لە سیاسەتی پارتی و حكوومەتی هەرێم كردەوە بۆ مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هاوكاریی هێزە عێراقییەكان تاكو بتوانن بە سەركەوتووانە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن. گوتیشی: "ئێمە لەو باوەڕەداین بێ هاوكاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانان، عێراق تووشی گرفتی ئەمنیی زیاتر دەبێت. عێراق تاكو ئێستا نەیتوانیوە ئەو گرفتانە چارەسەر بكات كە بوونە هۆكاری سەرهەڵدانی ڕێكخراوە توندڕۆیە تیرۆریستییەكان، بۆیە عێراق پێویستی بە هێزی هاوپەیمانان هەیە".
بەڕێز ڤیسیۆ، سوپاس هەرێمی كوردستان كرد كە توانیویەتی بەو توانا سنووردارەی جێگای ئەو هەموو ئاوارە و لێقەوماوانە بكاتەوە و ڕایگەیاند، كە ئەوان پشتگیری لە پڕۆسەی چاكسازی دەكەن و ئومێدەوارن كە ئەو پڕۆسەیە سەرەتای ڕێكخستنەوە و بەرەوپێشەوەچوونی زیاتری حكوومەتی هەرێم بێت بۆ خزمەتكردنی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی باشتر.
لە كۆتایی ئەو دیدارانەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لە بەردەوامبوون و گرنگیی ئەو دیدارانە بۆ ئامانجی هەماهەنگیی زیاتر لە بەئاگابوونی لە كاروبارەكان و هاوكاریكردنی یەكدی لە كار و ئەركەكاندا.